تۆم باراک: ئەحمەد شەرع ئامادەیە بۆ رێککەوتنی هەمیشەیی لەگەڵ ئیسرائیل

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، رایگەیاند کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئامادەیە بگاتە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ئیسرائیل، لەوانەش رێککەوتنێکی هێرش نەکردن بۆ سەر ئەو وڵاتە، کە دەتوانێت رێگە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەن خۆش بکات.

باراک لە کۆڕی ئاسایشی جیهانی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، ئاشکرای کرد کە دیمەشق ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و دانوستان دەربڕیوە، بەڵام هەوڵەکانی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی، بەهۆی ناکۆکییە هەنووکەییەکانەوە تووشی کۆسپ بوون.

نێردەی ئەمریکا هەروەها هۆشداری دا لە مەترسیی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو وڵات نایانەوێت راستەوخۆ رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، بەڵام هەر هەڵەیەکی سەربازی دەتوانێت ببێتە هۆی فراوانبوونی ململا‌نێکان.

سەبارەت بە ئێرانیش، باراک جەختی لەوە کردەوە کە رووخاندنی رژێمەکان بە تەنها گەرەنتیی سەقامگیری ناکات، بۆیە دیپلۆماسی و گفتوگۆ باشترین رێگان بۆ ڕرێگریکردن لە شەڕ و قەیرانە درێژخایەنەکان.

باراک گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نێوان سووریا و ئیسرائیل دەربڕی، بەڵام روونی کردەوە کە هێشتا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی بەدەست نەهاتووە.