
کۆمپانیاکانی “گەلف کیستۆن” و “شاماران”، کە لە کێڵگە نەوتییەکانی شێخان، ئەتروش و سەرسنگ چالاکن، ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئۆکتۆبەری 2026، رێککەوتنی یەکگرتنی کاروبارەکانیان راگەیاند. مامەڵەکە بە ئاڵوگۆڕی پشک ئەنجام دەدرێت و بەهای شاماران تێیدا بە نزیکەی 601 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، دوای تەواوبوونی مامەڵەکە، پشکدارانی هەر یەکێک لە دوو کۆمپانیاکە نزیکەی 50%ی پشکەکانی کۆمپانیا یەکگرتووەکەیان دەبێت. گەلف کیستۆن لە رووی یاساییەوە وەک کۆمپانیای بەردەوام دەمێنێتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هێشتا بە تەواوکردنی مەرج و رێکارە پێویستەکانەوە بەستراوەتەوە.
پەیوەندیی مامەڵەکە بە کوردستانەوە لەوەدایە کە گەلف کیستۆن بەڕێوەبەری کێڵگەی شەیخانە و شامارانیش 50% بەشداری لە کێڵگەی ئەتروش و 18% لە سەرسنگ هەیە. هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسنگ لە پارێزگای دهۆکن و بەشێکن لە کەرتی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم.
گەلف کیستۆن لە ساڵی 2007 گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشی شێخانی وەرگرتووە، لە 2009 نەوتی تێدا دۆزیوەتەوە و لە تەممووزی 2013 بەرهەمهێنانی بازرگانیی دەست پێکردووە. بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئەتروشیش لە 3ی تەممووزی 2017 دەستی پێکردووە.
هەردوو کۆمپانیا لە راگەیەندراوی هاوبەشیاندا دەڵێن یەکگرتنەکە توانای دابینکردنی دارایی و فراوانکردنی کاروبارەکانیان بەهێز دەکات. بە پێی خەمڵاندنی خۆیان، بەهای بازاڕیی کۆمپانیا یەکگرتووەکە لە یەک ملیار دۆلار زیاتر دەبێت.
بەڵام بڕی 601 ملیۆن دۆلار داهاتێکی نوێ بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم نییە، ئەو بڕە بەهای پشکەکانی شامارانە لە مامەڵەی یەکگرتنەکەدا. هەروەها لە زانیارییە راگەیەنراوەکاندا، بڕێکی دیاریکراو بۆ زیادبوونی داهاتی حکومەت یان ژمارەی هەلی کاری نوێ لە هەرێم دیاری نەکراوە.