دادوەرێک بڕوانامەی زانکۆی هەیە بەڵام بڕوانامەی شەشی ئامادەیی نییە

بەپێی نووسراوێکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە رێکاری یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی زانکۆی دادوەرێکی دادگای سەربازیی یەک وەربگرێت، بەو هۆیەی بەبێ بوونی بڕوانامەی شەشی ئامادەیی بڕوانامەی زانکۆی بەدەست هێناوە.

نووسراوەکە بە ژمارەی 509 و بەرواری 29ی ئەیلوولی 2025، لەلایەن فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکییەوە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە و بابەتەکەی “وەرگرتنی رێکاری یاسایی”یە.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کێشەی بڕوانامەی دادوەرەکە کراوە و داوا کراوە، بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە، رێکاری یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەکە بگیرێتەبەر و دەستەکە لە ئەنجامەکە ئاگادار بکرێتەوە.