شەپۆلێکی نوێی گرانیی خۆراک لە بەردەم جیهاندایە و پێشبینی دەکرێت تا 2027 بەردەوام بێت

پێشبینی دەکرێت نرخی خۆراک لە جیهاندا لە مانگەکانی داهاتوو زیاتر بەرز ببێتەوە و گرانییەکە تا ساڵی 2027 بەردەوام بێت. شەڕ، وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هۆکارە سەرەکییەکانن.

ئاژانسی رۆیتەرز، لە راپۆرتێکدا لە 19ی ئۆکتۆبەر، رایگەیاندووە کە نرخی گەنم لە ساڵی 2026دا زیاتر لە 30% زیاد بووە و نرخی برنج لە وڵاتە سەرەکییە هەناردەکارەکانی ئاسیاش لە نێوان 10 بۆ 13% بەرز بووەتەوە.

پێوەری نرخی خۆراکی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان “فاو”، لە ئەیلوولدا گەیشتووەتە 136 خاڵ، بەرزترین ئاست لە تشرینی دووەمی 2022ەوە.

ماکسیمۆ تۆرێرۆ، سەرۆکی ئابووریناسانی فاو، پێشبینی دەکات کاریگەرییەکان لە کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا زیاتر دەربکەون. خێزانە کەمدەرامەتەکانیش زیاتر زیانمەند دەبن، چونکە بەشێکی گەورەتری داهاتیان بۆ خۆراک خەرج دەکەن.

هێرشەکان لە دەریای رەش گواستنەوەی گەنمیان تێکداوە و نائارامیی دەریای سوور کەشتییەکانی ناچار کردووە رێگای درێژتر ببڕن. شەڕی ئێرانیش تێچووی سووتەمەنی بەرز کردووەتەوە و هەناردەی پەینی لە گەرووی هورمز-ەوە پەک خستووە.

کاریگەرییەکە گەیشتووەتە بازاڕەکان، لە میسر نرخی نانی بێ پاڵپشتیی حکومەت 25% و لە ئیمارات نرخی رۆنی خواردن نزیکەی 40% بەرز بووەتەوە. تێچووی گواستنەوەش لە هەندێک رێگای بازرگانیدا نزیکەی 50% زیاد بووە.

بەرزبوونەوەی نرخەکان مەترسیی فراوانبوونی ناڕەزاییە کۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکات، سنووردارکردنی هەناردە لەلایەن وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانیش دەتوانێت کێشەی دابینکردنی خۆراک قووڵتر بکاتەوە.