ناتانیاهۆ ستراتیژیی ئەمنیی نوێ ئاشکرا دەکات و کورد لە نەخشەکەیدا لە ریزی دۆستانی ئەمریکادایە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ستراتیژییەکی نوێی ئاسایشی نیشتمانی خستەڕوو کە کاری لە پێشینەیی بە هێرشی پێشوەختە، بەهێزکردنی توانای سەربازی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەرەوە دەدات. لە نەخشەی هاوپەیمانییە ناوچەییەکانیش کە لەگەڵ پێشکەشکردنەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، ناوی کورد لە چوارچێوەی ئەو لایەنانەدا هاتووە کە ئەمریکا بە دۆستیان دەزانێت.

ناتانیاهۆ یەکشەممە، 18ی ئۆکتۆبەری 2026، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ رۆژنامەنووساندا ئەم ستراتیژییەی پێشکەش کرد. بەڵگەنامەکە لە کاتێکدا بڵاوکراوەتەوە کە ئیسرائیل بەرەو هەڵبژاردنەکانی 27ی ئۆکتۆبەر دەچێت و سیاسەتی ئەمنی و ئەنجامی شەڕەکانی ئەم چەند ساڵە لە ناوەندی کێبڕکێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندان.

کورد لە نەخشەکەدا چۆن نیشان دراوە؟

نەخشەکە ناونیشانەکەی “هاوپەیمانییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ە و لۆگۆی دامەزراوەی ئەڵمانی “فریدریش ئێبەرت”ی لەسەرە. لەسەر نەخشەکە، ناوی کورد لە بەشی باشوور و رۆژئاوای کوردستان نووسراوە و ناوچەکە بە هێڵێکی زەرد دیاری کراوە.

بەپێی هێڵکاری ئەو نەخشەیە، هێڵی زەرد بە مانای ئەوە هاتووە کە ئەو ئەمریکا ئەو لایەنە دۆست دەزانێت.

ئەمە لە پۆلێنێکی دیکەی نەخشەکە جیایە کە ئەندامانی ناتۆ و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکای دەرەوەی ناتۆ بە هێڵی پرتەقاڵی نیشان دەدات.

بەم پێیە، ناونانی کورد بە “دۆستی ئەمریکا” لەم نەخشەیەدا هەیە، بەڵام بە مانای ناساندنی هاوپەیمانییەکی سەربازیی فەرمی یان دانپێدانان بە دەوڵەتێکی کوردی نییە.

لە بەرامبەردا، ئێران بە رەنگی مۆری تۆخ نیشان دراوە و لە خوارەوە لەگەڵ “بەرەی مقاوەمە” پۆلێن کراوە. لەسەر خاکی عێراقیش هێڵی لار بە هەمان رەنگ کێشراوە و ناوی “هێزەکانی حەشدی شەعبی ـ میلیشیا شیعەکان” نووسراوە.

هەروەها تورکیا، میسر، پاکستان و سعودییە بە رەنگێکی هاوبەش و لە ژێر ناوی “هاوپەیمانی ئەلماسی سوننی” نیشان دراون. ئاژانسی ئەنادۆڵو لە راپۆرتەکەیدا روونی کردووەتەوە کە ئەم پۆلێنکردنە خۆی نایسەلمێنێت هەموو ئەو وڵاتانە لە هاوپەیمانییەکی سەربازیی فەرمیدان، یان ناتانیاهۆ هەموویان بە دوژمنی ئیسرائیل دەزانێت.

پێشینەیی بە هێرش، پێش گەورەبوونی هەڕەشەکان

بەڵگەنامە ئەمنییەکە 10 بنەمای سەرەکی لەخۆ دەگرێت. ناتانیاهۆ دەڵێت هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 پێویستیی پێداچوونەوەی بە سیاسەتی ئەمنیی ئیسرائیل خستووەتەڕوو و دەبێت پێش ئەوەی هەڕەشەکان گەورە بن، مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

لە ناوەرۆکی بەڵگەنامەکەدا جەخت لە پاراستنی باڵادەستیی سەربازی، باشترکردنی زانیاریی هەواڵگری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بەرگری لە سنوورەکان و دروستکردنی ناوچەی بێچەک لە کاتی پێویستدا کراوەتەوە. بەڵام شوێنی ئەو ناوچانە و سنووری جێبەجێکردنیان دیاری نەکراوە.

ستراتیژییەکە هەروەها داوای فراوانکردنی بەرهەمهێنانی چەک لەناوخۆ و کەمکردنەوەی وابەستەیی بە دابینکەرە دەرەکییەکان دەکات. وەبەرهێنان لە زیرەکیی دەستکرد، تەکنەلۆژیای کوانتەم و بوارە ئاسمانییەکانیش بە بەشێک لە پاراستنی باڵادەستیی ئیسرائیل دانراوە.

ناتانیاهۆ: رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران ئامانجمانە

سەبارەت بە ئێران، ناتانیاهۆ وتوویەتی رووخاندنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە یەکێکە لە ئامانجەکانی و دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیلی راسپاردووە لەو ئاراستەیەدا کار بکەن.

بەپێی راپۆرتی جورسەلیم پۆست، ئەو بانگەشەی کردووە فشارە ئابوورییەکان نیشانەی ناڕەزایی لە ناوخۆی ئێراندا دروست دەکەن. هەروەها جەختی کردووەتەوە ئیسرائیل، ئەگەر پێویست بکات، بەبێ یارمەتیی ئەمریکاش دەتوانێت دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەنگاو بنێت.

نیگەرانی لە داهاتووی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا

ناتانیاهۆ هۆشداریی داوە کە لە داهاتوودا سەرۆکێکی ئەمریکا دەتوانێت هەڵوێستێکی دژبەرانە بەرامبەر ئیسرائیل هەبێت. ئەو داوای کردووە سوود لە ماوەی بەردەوامبوونی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ وەربگیرێت و لە هەمان کاتدا پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکە فراوان بکرێت.

بەپێی  i24NEWS، ناتانیاهۆ ناوی هیندستان و وڵاتانی ئەمریکای لاتینی و ئەوروپای هێناوە و وتوویەتی ئیسرائیل دەبێت بازنەی هاوپەیمانییەکانی لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە گەورە بکات.

لەبارەی تورکیاشەوە، ناتانیاهۆ وتوویەتی هیوادارە پەیوەندییەکان نەگەنە پێکدادانێکی راستەوخۆ و هەوڵ بۆ خۆپاراستن لەو ئەگەرە دەدات، بەڵام گەڕانەوەی پەیوەندییە نزیکەکانی پێشوو لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بە دوور زانیوە.

ئۆپۆزسیۆن: بەڵگەنامەکە پڕە لە دروشم

پێشکەشکردنی ستراتیژییەکە رەخنەی توندی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە. یائیر لاپید بەڵگەنامەکەی بە رووکەش و نامۆ وەسف کردووە و وتوویەتی وەڵامی بەرپرسیارێتیی حکومەت لە شکستە ئەمنییەکانی پێش هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر ناداتەوە.

گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پێشووی ستافی سوپای ئیسرائیل، بەڵگەنامەکەی بە کۆمەڵێک دروشمی بێ ستراتیژیی روون وەسف کردووە و بڵاوکردنەوەی لە نزیک هەڵبژاردنەکاندا بە هەوڵێک بۆ لادانی سەرنج لە کارنامەی حکومەت داناوە. ئەو وتوویەتی حەماس هێشتا توانای چەکداریی هەیە و حیزبوڵڵاش بەشێک لە تواناکانی خۆی دووبارە بنیاد دەنێتەوە.

ئەم مشتومڕە لە کاتێکدا بەردەوامە کە ترەمپ لە 18ی ئۆکتۆبەردا پشتیوانیی خۆی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ناتانیاهۆ راگەیاند. بەپێی رۆیتەرز، ئەو پشتیوانییە لە ناو کێبڕکێیەکی نزیکی هەڵبژاردندا هاتووە، کە چارەنووسی حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.