نیو ملیۆن کەس لە غەززە لە هاوکاریی خۆراک بێبەش دەبن

بەرنامەی جیهانیی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کەمیی بودجە ناچاری کردووە هاوکارییەکانی لە غەززە کەم بکاتەوە، بەمەش نزیکەی 500 هەزار کەس لە هاوکاریی مانگانە بێبەش دەبن، لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتووان هێشتا خۆراکی پێویستیان دەست ناکەوێت.

بەپێی راگەیەندراوی بەرنامەکە لە دووشەممە، 19ی ئۆکتۆبەری 2026، ژمارەی وەرگرانی هاوکاریی خۆراک و پارە لەم مانگەدا لە 1.6 ملیۆن کەسەوە بۆ 1.1 ملیۆن کەم کراوەتەوە. بڕیارەکە لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە زستان نزیک دەبێتەوە و پێشکەوتنە سنووردارەکانی دۆخی خۆراک هێشتا لە دۆخی ناجێگیردان.

کەمکردنەوەکە تەنها ژمارەی وەرگرانی هاوکاری ناگرێتەوە، بەشی خۆراکی خێزانەکانیش کەم کراوەتەوە. خێزانەکان لەبری دوو پاکەتی خۆراک، یەک پاکەت و کیسەیەکی بچووکتر لە ئارد وەردەگرن.

ژمارەی ژەمە گەرمەکانیش لە 250 هەزارەوە بۆ 150 هەزار ژەم لە رۆژێکدا کەم کراوەتەوە. لە هەندێک ناوچەی سەختدا، خێزانەکان لەبری هەموو رۆژێک، دوو رۆژ جاریک ژەمێکی گەرم وەردەگرن.

هەروەها، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فەرەنسی، هاوکاریی نەختینەیی مانگانە بۆ 75 هەزار خێزان لە 1,250 شیکلەوە بۆ 750 شیکل کەم کراوەتەوە، واتە کەمبوونەوەیەکی 40%.

شۆن هیوز، بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە فەلەستین، بە ئاژانسەکەی وتووە، هۆکاری ئەم کەمکردنەوەیە کەمیی پارەیە، نەک نەبوونی توانای گەیاندنی خۆراک. ئەو هۆشداری داوە کە هێرش و ئاوارەبوون بەردەوامن و بارودۆخە مرۆییەکان هێشتا زۆر سەختن.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بەرنامەکە، نزیکەی 1.4 ملیۆن کەس، واتە 67%ی دانیشتووانی غەززە، لە ئاستی قەیران یان خراپتر لەوەدا رووبەڕووی کێشەی دابینکردنی خۆراک دەبنەوە. لەو ژمارەیە، نزیکەی 200 هەزار کەس لە دۆخی فریاکەوتندان و پێویستییان بە هاوکاریی دەستبەجێ هەیە بۆ رێگریکردن لە مردن بەهۆی برسیەتی.

کێشەی بودجە هاوکارییەکانی کەناری رۆژئاواشی گرتووەتەوە، بەرنامەکە لە ئەیلوولدا ژمارەی وەرگرانی هاوکاریی لە 400 هەزارەوە بۆ 200 هەزار کەس کەم کردەوە. لەو کاتەدا، پێداویستییە خۆراکییەکان لەو ناوچەیە بە بەراورد بە ساڵی 2023 زیاتر لە دوو هێندە بووبوون.

بەرنامەی جیهانیی خۆراک دەڵێت، بۆ بەردەوامبوونی کارە فریاکەوتنییەکانی لە غەززە و کەناری رۆژئاوا، لە ماوەی شەش مانگی تشرینی یەکەمی 2026 تا ئازاری 2027، بە پەلە پێویستی بە 450 ملیۆن دۆلار هەیە.