
پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئۆکتۆبەری 2026، بە 237 دەنگی بەڵێ و 15 دەنگی دژ، متمانەی بە مهرداد ئەخلاقی کتابچی دا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان لە کابینەی مەسعود پزیشکیان.
دانیشتنی پەرلەمان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو و پزیشکیانیش بە هەمان شێوە بەشداریی کرد و بەرگریی لە بەرنامە و شایستەییی کاندیدەکەی کرد.
ئەخلاقی لە بەڕێوەبەرە دێرینەکانی پیشەسازیی بەرگریی ئێرانە و پێشتر بەڕێوەبەری دامەزراوەی پیشەسازیی ئاسمانیی سەر بە وەزارەتی بەرگری بووە. سەرۆکایەتیی گرووپی پیشەسازیی “شەهید باقری”ش بەشێکە لە پێشینەی کاری ئەو، ئەو دامەزراوەیە لە بەرنامەی مووشەکی بالیستیکیی ئێراندا ڕۆڵی هەیە.
بەپێی بەڵگە فەرمییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوی ئەخلاقی لە 24ی ئاداری 2007، بە بڕیارنامەی 1747، خرایە لیستی سزاکانەوە، ئەوکات سەرۆکی گرووپی پیشەسازیی شەهید باقری بوو. ناوی لە ئەیلوولی 2025، لە چوارچێوەی گەڕاندنەوەی سزاکانی ئێراندا، دووبارە خرایەوە لیستی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمریکاش لە 8ی تەمووزی 2008 سزای بەسەردا سەپاندووە و ناوی لە لیستی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپاشدا هەیە. سزاکان پەیوەندییان بە رۆڵی لە پیشەسازیی بەرگری و بەرنامەی مووشەکیی ئێرانەوە هەیە.
وەرگرتنی متمانەی ئەخلاقی کۆتایی بە چەند مانگ بەڕێوەبردنی وەزارەت بە وەکالەت دەهێنێت. دوای کوژرانی عەزیز نەسیڕزادە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ئەمساڵ، مەجید ئیبنڕەزا بە وەکالەت وەزارەتەکەی بەڕێوە دەبرد. ئەخلاقی لە بەرنامەکەیدا بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی پیشەسازیی سەربازی و خێراکردنی پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای بەرگریی داوە.