
رۆژانە لەسەر شەقام، ناوەندەکانی خوێندن و شاشەی سۆشیال میدیا، گوێبیستی دەستەواژەگەلێک دەبین کە پڕن لە سووکایەتى و شکاندنی کەرامەتى مرۆڤەکان کە پێیان دەگوترێت “جنێو”. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمە نیشانەی هێزە یان پەردەپۆشکردنی بێدەسەڵاتی؟ چ کاتێک زمان لە ئامرازی پەیوەندییەوە دەگۆڕێت بۆ خەنجەرێک کە پێش ئەوەى بەرامبەر بریندار بکات، ناوەرۆکی خاوەنەکەى دەردەخات.
پاڵنەرەکانی پشتی ئەم دیاردەیە فرەڕەهەندن
1. خۆسەپێنەران بۆ شکاندنی بەرامبەر و چەسپاندنی دەسەڵات بەکاری دەهێنن.
2. ئەوانەی لە رووی جەستەیی یان کۆمەڵایەتییەوە دەستەوەستانن، زمان دەکەنە دوا پەناگە بۆ شکاندنی نەیارەکانیان.
3. کەسانی هەڵچوو وەک دەربازگەی کاتیی تووڕەیی بەکاری دەهێنن.
4. بەڵام ئەوەی سەیرە لە هەندێک ناوەندی گەنجانەدا، وەک نیشانەى نەترسی و ئازایەتی سەیر دەکرێت، کە وانییە.
جنێوفرۆشان کێ دەکەنە ئامانج؟
1. بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک “بێشەرەف، گەواد” و پەلاماردانی خێزان بۆ وردوخاشکردنی کەرامەت.
2. بەکارهێنانی وشەی (گەمژە، شێت و شەل) بۆ دروستکردنی هەستی بێبایەخی.
3. بەکارهێنانی ناوی ئاژەڵان (وەک کەر، سەگ، بەراز) تا مرۆڤ لە ئاوەز دابماڵن.
4. تۆمەتی “خائین و جاش” بۆ ڕەتکردنەوەی جیاوازیی، یان پەلاماردانی پیرۆزییە ئایینییەکان بۆ تێکدانی هاوسەنگیی رۆحیی باوەڕداران.
کاتێک جنێودەبێتە ئالوودەبوون؟
کاتێک فەرهەنگی وشەکان لاواز دەبێت، مێشک جنێو وەک خێراترین پردی دەربڕین دەبینێت، توێژینەوەکانی زانکۆی کیلی بەریتانی دەریانخستووە کە جنێودان بەهۆی دەردانی ئەدریناڵینەوە هەستکردن بە ئازار کەمدەکاتەوە، ئەمەش مێشک بەرەو ئالوودەبوونی رەفتاری دەبات، لە حاڵەتی دەگمەندا، نیشانەی کەسایەتییەکی تێکچووە کە خاڵییە لە پەشیمانی و سۆز و دەرئەنجام جنێودەر دەبێتە کەسێکی دژە کۆمەڵگە.
لە ئەدەبیاتی کوردی و تۆڕە نوێیەکاندا
شێخ رەزای تاڵەبانی (1835 – 1910)، ناسراوترین شاعیری هەجووی کوردییە، لە هۆنراوەکانیدا بێپەردە هێرشی کردوەتە سەر بنەماڵەکەى خۆشى و شەڕافەتی کەسەکان و تەنانەت شارەکانی وەک کەرکووکیشی دەگرتەوە کە زێدی خۆشیەتى.
دیاردەکە مامۆستایانى ئاینى و بانگخوازانیشی گرتووەتەوە، بە تانەو تەشەری جنێو ئاسای وەک (سووک و سەلیم، بێحەیا، و نەفرەتی ، ماڵوێران و بێدین و بێڕەوشت، مونافیق و دووڕوو، ) و چەندانى تر.
لە دنیاى دیجیتاڵی و پێشکەوتووى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لایڤی هاوبەش، کۆمێنت، پۆستکردن، بووەتە گۆڕەپانی کەمکردنەوەی کەسایەتی و بەکارهێنانى زمانی زبر تەنها لە پێناو کۆکردنەوەی بینەردا، بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە.
شۆفێرەکانیشى گرتووەتەوە
بەکارهێنانی ئاماژە دەستییەکان و هەندێکجار لایت و هۆڕن و دەستشکاندنەوە و ئیستۆپ کردن و نارەحەتکردنى بەرامبەر بەیەکێک لە شێوازەکانى جنیۆى ئاماژەیی سەیردەکرێت و رۆژانەش بەکاردێت.
لە دونیاى عەرەبیدا
لە سەردەمی پێش ئیسلامدا حوتەئیە لە شیعرە هەجوو “داشۆرین- رسواکردن”دا دەمى لە خوشک و دایکى خۆشی نەپارستووە، تەنانەت عومەرى کوڕی خەتاب زیندانی کردووە تا ئەو کاتەى پەیمانى داوە زمانى بپارێزێت، لە سەردەمی ئومەوییەکانیشدا نەقائیزی جەریر و فیرەزدەق، لە سەردەمی عەباسییەکاندا تەنبوری و موتەنەبی و ئیبن رۆمی و چەندانى تر هەبوون، کە بە شیعرەکانیان جنێو و سوکایەتییان بە خەڵک کردووە.
رەهەندی جیهانی؛ لە فەلسەفەوە بۆ شاشە
دیۆجینسی سنۆپی لە سەردەمی یۆنانی کۆندا کە فەیلەسوفێکی بەرجەستە و دیاربوو، لە بەرامبەر ئەسکەندەری مەزندا پەنجەی ناوەڕاستی وەک ئاماژەی سووکایەتی و جنێو بەکار هێناوە و تا ئێستاش وەک نیشانەى جنێو بووەتە دیاردەیەکی جیهانى.
مارسیالیس شاعیرێکی تەنزنووس بووە لە سەردەمی رۆمای کۆندا دەستەواژەی توندی سێکسی و جەستەیی دژی نەیارەکانی بەکاردەهێنا.
مارتن لوتەر رابەری پرۆتستانت لە سەدەی 16دا لە شەڕی دژی کەنیسەدا پاپای بە (کەری پاپایی و تیرۆریستی شەیتان) ناوزەند دەکرد.
لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە تا شاشەکانی ئەمڕۆ، شێوازی دەربڕین گۆڕاوە بەڵام پەیامەکە یەکە: جنێو قەڵغانی بێدەسەڵاتە لە کاتی کۆتاییهاتنی گفتوگۆدا. مرۆڤ کاتێک لە تێگەیاندنی مێشک بێهیوا دەبێت، پەنا بۆ بریندارکردنی کەرامەت دەبات—ئەمەش لە هەموو سەردەمێکدا، زیاتر لەوەی لاوازیی بەرامبەر بسەلمێنێت، شکستی لۆژیکی قسەکەر ئاشکرا دەکات.