
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک” لە شاری تورینی ئیتالیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆتاییهێنان بە شەڕ بە تەنیا ئاشتیی بەردەوام مسۆگەر ناکات.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە بۆ گەیشتن بە ئاشتیی بەردەوام، پێویستە هۆکارەکانی ناکۆکی چارەسەر بکرێن، بوونی کورد و مافەکانی زمان و کولتووریی بپارێزرێن، بەربەستەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتی لاببرێن و هاووڵاتیبوونی یەکسان بە یاسا گەرەنتی بکرێت.
ئۆجەلان هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و کۆتاییهێنان بە ستراتیژیی شەڕی بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ ناوبردووە، بەڵام بە پێی پەیامەکە، ئەم گۆڕانکارییە پێویستی بە رێباز و تێڕوانینێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەیە.
لە بەشێکی دیکەدا، پەیامەکە باس لەوە دەکات کە یەکگرتنی دیموکراتی نابێت بە مانای لەناوبردنی جیاوازییەکان یان تێکەڵکردنی هەمووان لە ناسنامەیەکی تاکدا بێت، بەڵکو دەبێت مافەکان بناسرێن و هاوژیانی لەسەر بنەمای یەکسانی دامەزرێت.
ئۆجەلان چارەسەری کێشەی کوردی بە دیموکراتیکبوونی تورکیایەوە بەستووەتەوە و دەڵێت ئەم دوو پرۆسەیە لێک جیا ناکرێنەوە. لە دیدی ئەوەوە، بەبێ پاراستنی یاسایی، سیاسەتی دیموکراتی بەردەوام نابێت و پرۆسەی ئاشتی سەرناکەوێت.