سیسی: لە 2030 ماوەی سەرۆکایەتیم کۆتایی دێت و دەستوور ناگۆڕدرێت

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، رایگەیاند کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2030 کۆتایی دێت و ئەم بابەتە یەکلایی کراوەتەوە. هاوکات جەختی کردەوە کە دەستووری وڵاتەکە دەستکاری ناکرێت.

سیسی ئەم لێدوانەی ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئۆکتۆبەری 2026، لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی ئەکادیمیای سەربازیی میسر دا و وتی کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆی دووبارە بخرێتەوە بەرباس.

سەرۆکی میسر لە هەمان وتاردا پێشنیاری بەرنامەیەکی 30 مانگی بۆ ئامادەکردنی کادرانی داهاتووی وڵاتەکە خستەڕوو. بەپێی پێشنیارەکە، هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانکۆ ناسراوەکانی ناوخۆ و دەرەوە، لە ئەکادیمیای سەربازی فێری بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاراستنی سەرچاوەکانی دەبن، بە ئامانجی ئامادەکردنیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی، وەزارەت، پارێزگاری و پەرلەمان.

سیسی داوای کرد سەرۆکی پەرلەمان، بە بەشداریی کۆمەڵێک بیرمەند و سیاسەتمەدار و وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و داد، پێوەرەکانی هەڵبژاردنی بەشداربووان و چوارچێوەی یاسایی بەرنامەکە ئامادە بکەن. بە وتەی ئەو، ئامانج ئەوەیە خەڵکی میسر بتوانن لە نێوان کادرە ئامادەکراوەکاندا هەڵبژاردن بکەن.

بەڵام بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، سیسی وردەکاریی ئەوەی نەخستەڕوو کە دەرچووانی بەرنامەکە چۆن بۆ پۆستە هەڵبژێردراوەکان یان دامەزراندن پێشکەش دەکرێن.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قسە لەسەر ئەگەری هەموارکردنەوەی دەستوور لە ساڵی 2027 دەکرا، بۆ ئەوەی سیسی بتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکات. ئاژانسی ئەنادۆڵو دەڵێت بەپێی دەقی ئێستای دەستوور، دوای کۆتایی خولی سێیەمی لە 2030، مافی کاندیدبوونەوەی نییە.

سیسی لە ساڵی 2014ەوە سەرۆکی میسرە و لە ساڵانی 2018 و 2023 دووبارە هەڵبژێردرایەوە. هەموارە دەستوورییەکانی ساڵی 2019 ماوەی هەر خولێکی سەرۆکایەتییان لە 4 ساڵەوە کردە 6 ساڵ و رێگەیان بەو دا بۆ خولی سێیەم کاندید ببێت و تا 2030 لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.