
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە کۆی هاوردەی ساڵانەی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 70 ملیار دۆلار، کە 50 ملیار دۆلاری لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بۆ کاڵا و پێداویستییە بەکاربەرییەکان خەرج دەکرێت، ناوبراو هۆشداری دا لەوەی پشتبەستنی 95%ـی بازاڕی ناوخۆ بە کاڵای دەرەکی، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووریی وڵات .
لە میانەی کۆنفرانسی بازرگانی و ئابووری لە بەغدا، ئەو راوێژکارە داراییەی سەرۆکوەزیران داوای کرد سیاسەتی بازرگانی لە دابینکردنی پێویستییەکانی هاوردەکردنەوە بگۆڕدرێت بۆ هاندانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی. هەروەها پێشنیازی دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت بە پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکانی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی دەستیدا کرد، تاوەکو بەرهەمە ناوخۆییەکان لە رێگەی گرێبەستی فەرمییەوە بخرێنە نێو تۆڕەکانی دابەشکردنی خۆراک و بازاڕەکانەوە .
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەرکی سەرەکیی وەزارەت لەم قۆناغەدا دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، دادپەروەری لە نرخەکان و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی خێزانە کەمدەرامەتەکانە، بەتایبەت لە رێگەی دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و دانەوێڵە کە تاکە بەشە کەمتر پشت بە هاوردەی دەرەکی دەبەستێت.