
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای سلێمانی بڕیاری سزادانی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە نزیکەکانی لە پەیوەندی بە کەیسی “لالەزار” دەرکرد.
بەپێی زانیارییەکان، دادگا سزای 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا سەپاندووە، هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە 3 ساڵ و 6 مانگ و رێبوار حامید حاجی غالی بە 2 ساڵ و 6 مانگ زیندانی سزادراون.
لە هەمان کاتدا، هەر یەک لە ئاراس، کاروان و رەمەزان بە ساڵێک و 6 مانگ زیندانی سزادراون، بەڵام دادگا بڕیاری ئازادکردنی عومەر شێخە و کەیوان محەمەدی داوە.
ئەم بڕیارانە دوای ئەو رووداوانە دێن کە لە 22ی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی رۆشتنە سەر هوتێل لالەزار، کە دواتر بووە هۆی پێکدادانی چەکداری و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە نزیکەکانی.
لەو پێکدادانانەدا 12 کەس گیانیان لەدەستدا، کە سێ کەسیان لە ئەندامانی هێزە ئەمنی و کۆماندۆ بوون.
لە دوای دەرچوونی بڕیارەکان، دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، رایگەیاند کە بە بڕیارەکانی دادگای سلێمانی رازی نین و رۆژی یەکشەممە لە دادگای تەمیز تانەیان لێ دەدەن.
هەروەها وتیشی “دانپێدانەکانی تۆمەتباران لە ژێر ئەشکەنجە وەرگیراون”، جەختیشی کردەوە کە رێز لە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوە دەگرن.