
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و پاسپۆڕت و نیشتەجێبوون لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رسوماتی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیی بەرزکردووەتەوە بۆ 101 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێشتر 91 هەزار دینار بوو.
ئەم بڕیارە لەسەر پاشخانی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دراوە.
پێشتر رسوماتی دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرتی عێراقی لە سەرانسەری وڵاتدا بە 91 هەزار دینار جێگیر کرابوو، کە تەنها بە شێوازی ئەلیکترۆنی وەردەگیرا.
ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە بانکی ناوەندیی عێراق لە 6ی تشرینی یەکەمی جاری رایگەیاندبوو؛ نرخی فرۆشتنی دۆلار بۆ هاووڵاتییان لە 1320 دینارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ 1520 دینار، کە لە چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە چووەتە بوار جێبەجێکردنەوە.