
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، دەڵێت دوای رێککەوتنی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ رووسیا لەبارەی دیزڵ و هەڵگرتنی سزا پەیوەندیدارەکان، هەست بە خیانەت دەکات و نیگەرانە لەوەی وڵاتەکەی پشتگیریی ئەمریکا لەدەست بدات.
زیلینسکی لە کاتی سەردانەکەی بۆ لەندەن و لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پیەرس مۆرگان، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەست دەکات ترەمپ خیانەتی لێ کردووە، وەڵامی بەڵێی داوەتەوە؛ بەڵام جەختی کردووەتەوە کە بابەتەکە لە هەست و سۆزی کەسیی ئەو ئاڵۆزترە.
سەرۆکی ئۆکرانیا وتوویەتی جێگەی داخە کە وڵاتەکەی هاوبەشێکی بەهێز لەدەست بدات؛ هەروەها رەخنەی لە هەڵوێستی واشنتن گرتووە و وتوویەتی ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت ناوبژیوان بێت، دەبێت لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا بمێنێتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بۆ دوو شەوی بەردەوام ئاگادارکردنەوە پێشوەختەکانی هاوبەشە رۆژئاواییەکانیان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا وەرنەگرتووە. بەڵام ترەمپ دەڵێت ئەمریکا هێشتا زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ کییڤ ئاڵوگۆڕ دەکات.
هەروەها کییڤ دەڵێت سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە سەربازییەکانی ستارلینک کاری درۆنە هێرشبەر و بەرگرییەکانی تێکداوە. ئیلۆن مەسک-یش رایگەیاندووە بڕیاری سنووردارکردنی خێرایی و بەکارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییە لە دەستی حکومەت و سوپای ئەمریکایە .
زیلینسکی لە هەمان چاوپێکەوتندا رەتی کردووەتەوە لە ژێر فشاری ئەمریکا دەست لەکار بکێشێتەوە و جەختی کردووەتەوە کە دیاریکردنی سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیاری خەڵکی ئەو وڵاتەیە.