داوای لابردنی کۆسپەکانی گواستنەوەی بەرهەمە پەلەوەرییەکان بۆ پارێزگاکانی عێراق دەکرێت

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە سلێمانی، گەرمیان و هەڵەبجە داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، دەستێوەردان بکات بۆ لابردنی رێگری و رسوماتەکانی گواستنەوەی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق.

نازم عەبدوڵڵا، بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە، هەرێم ساڵانە نزیکەی 450 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، بەڵام پێویستیی ناوخۆ لە 150 هەزار تۆن تێناپەڕێت؛ بەمەش نزیکەی 300 هەزار تۆن بەرهەمی زیادە دەمێنێتەوە.

بەپێی وتەکانی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وای کردووە نرخی هەر تۆنێک ئالیک نزیکەی 200 هەزار دینار زیاد بکات. ئەمەش لەگەڵ گرانبوونی سووتەمەنی، دەرمانی ڤێتێرنەری و پێداویستییەکانی بەخێوکردن، بارگرانیی زیاتر دەخاتە سەر خاوەن کێڵگەکان.

نازم عەبدوڵڵا رەخنەی لەوە گرتووە کە، بەپێی وتەی ئەو، ئاسانکاری بۆ کاڵای هاوردەکراو دەکرێت، بەڵام بەرهەمەکانی هەرێم لە گواستنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە رووبەڕووی رێگری و رسومات دەبنەوە.

جەختی کردووەتەوە کە خاوەنانی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوای ئیمتیازی تایبەت ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت بتوانن بەرهەمی زیادەیان لە ناوخۆی عێراقدا بەبێ کۆسپ بفرۆشن.