ئەمریکا بەکارهێنانی “دایکی بۆمبەکان” دژی ئێران تاوتوێ دەکات

سوپای ئەمریکا پلانی نوێی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە کردووە، کە ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی ناسراو بە “دایکی بۆمبەکان” لەخۆ دەگرێت؛ بەڵام جێبەجێکردنی پلانەکان چاوەڕێی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.

تۆڕی CNN، بە گواستنەوە لە سەرچاوەی ئاگادار، رایگەیاندووە پلانەکان ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەگرنەوە و ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی GBU-43/Bیش تێیاندا خراوەتەڕوو.

بەپێی راپۆرتەکە، ترەمپ داوای لە سوپا کردووە هەڵبژاردەی زیاتر بۆ لێدان لە ئامانجە ئێرانییەکان ئامادە بکات. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم پلانانە دەتوانن پێش یان دوای هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا جێبەجێ بکرێن، ئەگەر فەرمانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بدرێت.

لە هەمان کاتدا، بەگوێرەی CNN، گومان لە توانای ئەم بۆمبە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان و لێدان لە دامەزراوە پارێزراوەکانی ژێر زەوی هەیە.

تا ئێستا، راپۆرتەکە باس لە ئامادەکردنی پلان و هەڵبژاردە سەربازییەکان دەکات و بڕیارێکی کۆتایی بۆ بەکارهێنانی ئەم بۆمبە دژی ئێران رانەگەیەنراوە.