
دادگای تاوانەکانی گەندەڵی لە ناوەندی بەغدا، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە دەست فۆر نیوز کەوتووە، رۆژی 19ی 10ی 2026ی بۆ دادگاییکردنی موسەننا سامەرائی دیاری کردووە.
بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، دادگاییکردنەکە لەسەر بنەمای ماددەی 319ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969، لەگەڵ ماددەکانی 47، 48 و 49ی هەمان یاسا ئەنجام دەدرێت.
هەروەها دادگاکە داوای ئامادەکردنی تۆمەتبارەکە و چەند کەسێکی دیکەی کردووە کە لە نووسراوەکەدا وەک شاهید ناویان هاتووە.
موسەننا سامەڕائی لە 28ی حوزەیرانی 2026 لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانی بەدواداچوونی گەندەڵیدا دەستگیر کراوە.
ناوبراو بە تۆمەتی گەندەڵی و پەیوەندی بە عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، دەستگیرکراوە.
دەستگیرکردنەکەی لە دوای دانپێدانانەکانی جومەیلی بووە؛ کە ناوی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی لە گەندەڵیدا هێناوە. سامەڕائی یەکێک بووە لە دەستگیرکراوانی ئەو هەڵمەتە.
