بانکی ناوەندی عێراق دڵنیایی لە سەقامگیریی بەهای دینار دەدات

بۆ رەواندنەوەی ئەو گومان و ترسەی بەرانبەر بە سەقامگیریی بەهای دینار لە ئارادایە، بانکی ناوەندی عێراق دڵنیایی دەدات کە توانای هەیە بە بەردەوامی دۆلار بۆ خواستی بازرگانی دەرەکی و دۆلاری کاش بۆ پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ دابین بکات.

لەم بارەیەوە سەمیر فەخری نەعیم، بەڕێوەبەری گشتیی ئامار و لێکۆڵینەوەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژی سێشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی مێری لە هەولیر رایگەیاند کە یەدەگی دراوی بیانی بانکی ناوەندی لە دۆخێکی ئارامدایە و دەتوانێت تێچووی هاوردەکردن بۆ ماوەی یەک ساڵی تەواو دابین بکات.

هەروەها ئاشکرای کرد کە خەرجیی مانگانەی حکوومەت لە نێوان 9 بۆ 10 ترلیۆن دیناردایە، و بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت لەم دواییانەدا فشاری دارایی سەر  حکومەت و بانکی ناوەندی  کەمکردووەتەوە.

ناوبراو روونی کردەوە کە لە دوو مانگی رابردوودا توانای دارایی وڵات بەراورد بە مانگەکانی پێشوو زۆر باشتر بووە، چونکە تێکڕای هەناردەی نەوت گەیشتۆتە  سەرووی 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش دەستکراوەیی زیاتری بە حکوومەت دا لە دابینکردنی داراییدا و  فشاری راستەوخۆی لەسەر بانکی ناوەندی کەمکردەوە.

بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی دڵنیایی دا کە وڵات لە رووی یەدەگی بیانییەوە لە دۆخێکی زۆر باشدایە؛ لە کاتێکدا راپۆرتەکانی سندوقی دراوی  نێودەوڵەتیی ئاماژە بە توانای ئێمە دەکەن بۆ دابینکردنی تێچووی هاوردەکردن بۆ ماوەیەک لە نێوان 3 بۆ 6 مانگدا، بەڵام بانکی ناوەندی دەتوانێت پێداویستیی نەختینەیی  وڵات بۆ ساڵێکی تەواو یان زیاتر دابین بکات.