مەترسییە گەورەکانى سەر هەرێمى کوردستان

لە هەرێمی کوردستان، چەندین ماددە و کەلوپەل لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان (تەندروستی، ناوخۆ، بازرگانی) و لیژنەکانی قایمقامیەتەوە وەک هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر تەندروستی، دەروون و ئاسایشی کۆمەڵگە پۆلێن کراون. بەشێکیان بە قاچاخ هاوردە دەکرێن و بەشێکیشیان لە کارگەی بێمۆڵەتدا دروستدەکرێن و بە شێوەی نایاسایی ساغ دەکرێنەوە.

 یەکەم: ماددە هۆشبەرەکان

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ساڵانە لە نێوان 1،500 بۆ 2،500 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکرێتەوە سەدان کیلۆگرام ماددەی مەترسیدار لەناودەبرێن، نزیکەی 65٪ بۆ 70٪ی دەستگیرکراوان بەکارهێنەرن و 30٪ بۆ 35٪یان بازرگان و دابەشکەر (مروج)ن، بەگوێرەى ئامارێکی نافەرمی لە چاکسازییەکانی گەورانی هەرێم، لە سەرووی 25٪ بۆ 30٪ی کۆی سزادراوان، بەندکراوانی کەیسی ماددە هۆشبەرەکانن، زیاتر لە 75٪ی بەکارهێنەران گەنجانن لە نێوان تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵدان، رێژەی بەکارهێنان لەنێو مێرمنداڵانی ژێر 18 ساڵ بە رێژەی نزیکەی 5٪ بۆ 8٪ تۆمار کراوە، بەڵام وەک لە راپۆرتە نافەرمییەکاندا هاتووە بە خێرایی لە زیادبووندایە، نزیکەی 90٪ بۆ 92٪ی دەستگیرکراوان پیاوانن و رێژەی بەکارهێنەرانی ژنان لە بەرزبوونەوەدایە و گەیشتووەتە نزیکەی 8٪ بۆ 10٪ی کۆی بەکارهێنەران.

زیاتر لە 40٪ی ئەو نەخۆشانەی بە حاڵەتی تێکچوونی توندی دەروونی (Psychosis) و پەلاماردان دەگەیەنرێنە نەخۆشخانە دەروونییەکان، هۆکارەکەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانن، ئامارە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن لە زیاتر لە 20٪ی حاڵەتەکانی توندوتیژیی توندی خێزانی، کوشتنی خزم، یان هەوڵی خۆکوژی لەنێو گەنجاندا، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووە.

توانای وەرگرتنی سەنتەرە پزیشکییە تایبەتمەندەکانی ئالوودەبوون لە هەرێم زۆر سنووردارە لەنێوان (200 تا 300) قەروێڵە، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە چاکسازیی پزیشکی هەیە زۆر زیاترە لەم توانستە.

دووەم: دەرمانی بێ سەرچاوە و تەواوکەری خۆراکیی ساختە

بازاڕی دەرمانی بێسەرچاوە و تەواوکەری خۆراکیی نایاسایی لە سەرپێچییەکی بازرگانیی ئاسایی تێپەڕیوە؛ ئێستا راستەوخۆ بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر تەندروستیی گشتی و بارگرانییەکی قورس لەسەر نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.

بە سەرنجدان لە دۆسیەکانى ئەم بوارە دەردەکەوێت، زۆربەی ئەو بەرهەمانەی بە ناوی گیایی و بێزیان ساغ دەکرێنەوە، بەڵام لە تاقیگەکاندا راستییەکی مەترسیداریان ئاشکرا کردووە کە بەمانەى خوارەوەدا خۆیان دەبیننەوە:

حەب و گیراوەی قەڵەوکەر، بە رێژەیەکی زۆر ماددەی کیمیایی وەک دێکسامیسازۆن (Dexamethasone)یان تێدایە؛ بەگوێرەى بەدواداچوونە پزیشکییەکان ئەوەی روودەدات قەڵەوبوون نییە، بەڵکو تێکچوونی هۆرمۆن و کۆبوونەوەی زیانبەخشی ئاوە لە لەشدا.

بەرهەمەکانی دابەزاندنی کێش (لاوازکەر): ماددەی مەترسیدار و قەدەغەکراوی جیهانیی وەک سیبۆترامین (Sibutramine) یان تێدایە کە مەترسیی جەڵتەی دڵ چەند هێندە زیاد دەکات.

تەواوکەری لەشجوانی: بەشێکی زۆریان  پڕن لە هۆرمۆن و ستیرۆیدی ساختە کە بێ سەرپەرشتیی پزیشکی بەکاردەهێنرێن.

زۆرینەیان  لە رێگەی قاچاخ لە سنوورەکانەوە هاوردە دەکرێن، یاخود لە کارگە بچووک و ژێرزەمینییە بێمۆڵەتەکاندا دروست دەکرێن و بە لەزگەی ساختەوە دەفرۆشرێن.

قەبارەی کارەساتەکە بەروونی لە بەدواداچوونی لیژنەکانی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان و قایمقامیەتەکاندا دەردەکەوێت: ساڵانە لەنێوان 150 بۆ 300 تۆن دەرمان، پێداویستیی پزیشکی و تەواوکەری خۆراکی ساختە، ماوەبەسەرچوو یان بێستیکەر دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دەسووتێنرێن.

 مانگانە بە تێکڕا 10 بۆ 25 بارهەڵگر و تەنکەر بەهۆی نەبوونی مۆڵەت، کێشەی پلەی گەرمیی کۆگاکردن یان نەبوونی پشکنینی تاقیگەیی لە سنوورەکانەوە دەگەڕێندرێنەوە.

نزیکەی 40٪ بۆ 50٪ی ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دووکانی لاوەکی دەفرۆشرێن، بێ ستیکەری فەرمیی کوالێتی کۆنترۆڵن.

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی چاودێریدا، ساڵانە زیاتر لە 100 دەرمانخانە، کۆگا و نۆرینگەی بێمۆڵەت بەهۆی ساغکردنەوەی دەرمانی قاچاخ دادەخرێن یان غەرامەی دارایی دەکرێن.

ئەم بازرگانییە نایاساییە باجەکەی لە هۆڵەکانی نەخۆشخانە و لەسەر جەستەی گەنجان دەردەکەوێت:

 پزیشکانی بەشەکانی شوشتنی گورچیلە (دیالیز) هۆشداری دەدەن کە 15٪ بۆ 20٪ی حاڵەتە نوێیەکان لەنێو گەنجاندا، بەهۆی حەبی قەڵەوکەری بێسەرچاوە و ستیرۆیدی ساختەوەیە، دێکسامیسازۆن و ستیرۆیدەکان لە تەمەنێکی کەمدا دەبنە هۆی پووکانەوەی توندی ئێسک و بەرزبوونەوەی لەناکاوی پەستانی خوێن. بەکارهێنانی هۆرمۆن و ستیرۆیدی ساختە لە هۆڵەکانی وەرزشدا بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەزۆکی لەنێو گەنجاندا.

ئەم ژمارانە زەنگێکی مەترسیی روونن؛ ئەوەی لە بازاڕە نایاساییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی (چارەسەری خێرا) و (لەشولاری رێک) دەفرۆشرێت، راستەوخۆ دەستبردنە بۆ تێکدانی تەندروستی و پەکخستنی ئەندامە سەرەکییەکانی لەشی مرۆڤ.

سێیەم: ئایدز هەڕەشە نوێیەکە

ڤایرۆسی نەمانی بەرگریی لەش (HIV-   ئایدز) لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پۆلێنکردنی جیهانیدا هێشتا وەک (بڵاوبوونەوەی کەم –  (Low-level epidemicهەژمار دەکرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی وەزارەتی تەندروستی، رێژەی تۆمارکردنی حاڵەتە نوێیەکان لە ساڵانی دواییدا رووی لە هەڵکشان کردووە.

بەگوێرەى بەدواداچوونەکان پێش 2003 تۆمارکردنی حاڵەتەکان زۆر دەگمەن بوون؛ هۆکاری سەرەکی دابڕانی جوگرافی و گەمارۆی ئابووری بوو لەسەر عێراق، لەگەڵ سنوورداریی هاتووچۆی نێودەوڵەتی. یەکەم حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە عێراق بەگشتی لە هەشتاکاندا بەهۆی هاوردەکردنی فاکتەری خوێنی تووشبوو (بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا و هیمۆفیلیا) لە دەرەوە سەریهەڵدا. بەڵام دواى ئەو ساڵە، بەهۆی کرانەوەی دەروازە سنورییەکان، فڕۆکەخانەکان و هاتنی هەزاران کرێکاری بیانی (بەردەست، خزمەتگوزار، و کرێکاری پیشەسازی)، حکوومەت پشکنینی زۆرەملێی بۆ نشینگە دانا. زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لەم قۆناغەدا دەستنیشان دەکران، لە ریزی بیانییەکاندا بوون و راستەوخۆ دیپۆرت دەکرانەوە.

لەدواى ئەوەش قۆناغێکی دیکە دێتە پێشەوە کە لەدواى 2015ـەوە دەست پێدەکات، تەشەنەسەندنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەى دەرزییەوە، گەشتکردنی بەردەوامی گەنجان بۆ دەرەوە، پەیوەندییە سێکسییە ناپارێزراوەکان، و گەشەکردنی تاتۆ و جوانکاریی بێمۆڵەت، وایکرد کە رێژەی تووشبوون لە نێو هاووڵاتییانی ناوخۆدا (کورد و عێراقی) لە چاو بیانییەکان زیاد بکات.

لە تاقیگە فەرمییەکاندا ساڵانە لەنێوان 350،000 بۆ 500،000 پشکنینی دیاریکردنی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دەدرێت؛ ئەم پشکنینانە بە پلەی یەکەم لە پێش هاوسەرگیری، پێدانی مۆڵەتی نشینگە بە بیانییەکان، بەخشەرانی خوێن و پێش نەشتەرگەرییەکان دەگرێتەوە، تێکڕای دەستنیشانکردنی ساڵانەی کەیسە پۆزەتیڤەکان لە نێوان 40 بۆ 70 حاڵەتی نوێدایە، لە سەرەتای چاودێریکردن و تۆمارکردنی ئەم نەخۆشییەوە لە هەرێم تاوەکو ئێستا، نزیکەی 700 بۆ 850 حاڵەتی تووشبوون دەستنیشان کراون.

 رەگەزی نێر 70٪ بۆ 80٪ی تووشبووانی ناوخۆ پێکدەهێنن، و زۆرینەیان لە چینی گەنجانن لە قۆناغی تەمەنی 20 بۆ 45 ساڵیدا.

هۆکارەکانى تووشبوون بە نەخۆشى ئایدز:

  1. پەیوەندیی سێکسیی ناپارێزراو: زیاتر لە 80٪ی کەیسە نوێیە ناوخۆییەکان لە رێگەی پەیوەندیی سێکسییەوە دەگوازرێنەوە، بەتایبەت لە کاتی گەشتکردن بۆ وڵاتانی تر یان پەیوەندییە نایاساییەکان لە ناوخۆدا بەبێ خۆپارێزی.
  2. ماددە هۆشبەرەکان: بەکارهێنانی دەرزی و سرنجی هاوبەش لە نێوان ئالوودەبووانی (ماددە هۆشبەرەکان)، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین کەناڵەکانی تەشەنەسەندن.
  3. تاتۆ و سەنتەرە بێمۆڵەتەکانی جوانکاری: بەکارهێنانی دەرزیی تاتۆ، کەلوپەلی سەرتاشخانە و سەنتەرەکانی پێست بەبێ پاکژکردنەوەی پزیشکی .
  4. گواستنەوە لە دایکەوە بۆ کۆرپە: رێژەیەکی کەمە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی دووگیانیدا پشکنین دەکرێت و دەرمانی دژەڤایرۆس بە دایکەکە دەدرێت تا لە کۆرپەکە دوور بکەوێتەوە.

رێکارەکانى رێگریی:

  • پشکنینی ناچاری: هەر هاووڵاتییەکی بیانی کە دێتە هەرێم، پێش وەرگرتنی مافی مانەوە (ئیقامە) دەبێت پشکنینی HIV بکات؛ لە کاتی دەرچوونی ئەنجامەکە بە پۆزەتیڤ، دیپۆرتی وڵاتەکەی دەکرێتەوە.
  • پشکنینی پێش هاوسەرگیری: لە هەموو بنکەکانی تەندروستی پشکنینی پزیشکی بۆ هاوسەران پێش گرێبەستی هاوسەرگیری دەکرێت.
  • سەنتەرەکانی چارەسەر و شاردنەوەی ناسنامە: سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە پارێزگاکان دەرمانی دژەڤایرۆسی نوێ (ART) بە خۆڕایی پێشکەش دەکەن و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن بە بەتەواوی بە نهێنی (Confidential) دەپارێزرێت تا ڕێگری شەرمەزاریی کۆمەڵایەتی بکرێت.

چوارەم: خواردنەوەى وزەبەخشەکان و دووکەڵ

خواردنەوە وزەبەخشە لە رادەبەدەر هەرزانەکان، ڤەیپی یەکجار بەکارهێنان (Disposable Vape) و تەماکۆی نێرگەلەی دەستکرد و بۆندار. سەرچاوەى ئەمانە کارگەی نایاسایی تێکەڵکردنی توتنە لە ناوخۆ و هاوردەکردنی بەلێشاوی ماددەی تەقلید و کەمکوالیتیە لە دەرەوە، کە هەندێجار گومان لەوە دەکرێت ئەو مادانە توتن بن.

هەر بۆیە لە کارکەوتنی دڵ و جەڵتە لە تەمەنی گەنجیدا، هەوکردن و تێکچوونی سییەکان بەهۆی رۆن و ماددە کیمیاییەکانی ناو ڤەیپ، کێشەی دەماری و کەمخەوی بەهۆی رێژەی بەرزی کافایین و نیکۆتین، بەرەو هەڵکشان دەچن.

بە گوێرەى بەدواداچوونەکان عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکن لەو ناوچانەی بەکارهێنانی ڤەیپ لە نێوان هەرزەکاراندا بە رێژەی زیاتر لە 30٪ بۆ 40٪ لە ساڵانی دواییدا بەرزبووەتەوە،  بەکارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەکان، جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ) و نێرگەلە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، گەشەکردنێکی خێرا و مەترسیدار لە نێو نەوەی نوێدا پێشاندەدەن:

بەپێی راپرسی و بەدواداچوونە مەیدانییەکان، زیاتر لە 55٪ بۆ 60٪ی خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەیی بە شێوەیەکی بەردەوام (رۆژانە یان چەند جارێک لە هەفتەیەکدا) خواردنەوە وزەبەخشەکان بەکاردەهێن، ئەوە لە کاتێکدا قوتوویەکی ئاسایی (250 بۆ 500 مل) لە نێوان 80 بۆ 160 میلیگرام کافایین و زیاتر لە 50 بۆ 60 گرام شەکری تێدایە، کە یەکسانە بە دوو هێندەی رێژەی رێگەپێدراوی رۆژانە بۆ مێرمنداڵان.

پزیشکانی فریاکەوتن ئاماژە بەوە دەکەن کە هەفتانە چەندین حاڵەتی لێدانی ناڕێکی دڵ، بەرزبوونەوەی لەناکاوی پەستانی خوێن و دڵەڕاوکێی توند لەنێو گەنجاندا بەهۆی خواردنەوەی دوو بۆ سێ قوتوو تۆمار دەکرێن.

لە ماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا، بەکارهێنانی ڤەیپ لە نێوان تەمەنی 15 بۆ 24 ساڵ بە رێژەی زیاتر لە 35٪ بۆ 45٪ زیادی کردووە. لە بەشێک لە ئامادەییەکان نزیکەی یەک لەسەر سێی خوێندکاران ئەزموونی ڤەیپیان کردووە یان بەردەوامن لەسەری.

زیاتر لە 70٪ی بازاڕی ئێستا لە جۆری یەکجار بەکارهێنان (Disposable)ـە، کە تێیدا رێژەی نیکۆتین لە نێوان 2٪ بۆ 5٪ (20 تا 50 ملگم) دایە؛ ئەم ژەمە یەکسانە بە نیکۆتینی نزیکەی یەک بۆ دوو پاکەت جگەرەی ئاسایی لە یەک ئامێردا.

زیاتر لە 60٪ی شلە و ئامێرەکانی ڤەیپ لە رێگەی قاچاخ یان بێ پشکنینی تاقیگەیی دەگەنە دەست بەکارهێنەر، کە چەندین ماددەی کیمیایی زیانبەخش و رۆنی وەک ڤیتامین E ئەسیتات و فلزاتی قورسیان تێدایە کە هۆکاری نەخۆشیی تێکچوونی سییەکانن (EVALI)..

لە شارە گەورەکانی وەک هەولێر و سلێمانی، بە سەدان کافتریای فەرمی و نافەرمی هەن کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان پێشکەشکردنی نێرگەلەیە، و بەکارهێنەرانیان لە نێوان تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵدان.

بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، کێشانی یەک سەعات نێرگەلە یەکسانە بە هەڵمژینی دووکەڵی 100 بۆ 200 جگەرەی ئاسایی، و گەیاندنی ئاستێکی مەترسیداری یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO) بە خوێن.

دەزگا ئەمنییەکان و قایمقامیەتەکان ساڵانە دەست بەسەر دەیان تۆن توتنی ساختە و بۆنداردا دەگرن کە لە کارگەی بچووکی ژێرزەمینی بە کەرەستەی پیشەسازی و گلیسیرینی نادروست و بەرواری ساختەکراو دروستدەکرێن،  تێکڕای خەرجیی مانگانەی گەنجێک کە بەردەوام ڤەیپ، نێرگەلە، یان خواردنەوەی وزەبەخش دەکڕێت، لە نێوان 50 بۆ 150 هەزار دینار خەمڵێنراوە.

زیادبوونی نەخۆشییەکانی هەناسەدان (رەبۆ، هەوکردنی درێژخایەنی بۆرییەکانی هەوا) و نەخۆشییەکانی دڵ لە تەمەنی ژێر 30 ساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەم سێ دیاردەیەوە بەستراونەتەوە.

پێنجەم: خواردەمەنی، گۆشت و زەیتی کەمکوالیتی و ریسایکڵکراو

لە پێشەوە باسی خواردنەوەکانمان کرد، لەم بەشەشدا باس لە خۆراک و گۆڕانکارییەکانى ئەو بوارە دەکەین، زەیتی سوورەوەکراوی بەکارهاتوو کە دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە، گۆشتی بەستووی نایاسایی (وەک مریشک و گۆشتی وڵاتانى دیکە کە مەرجی تەندروستییان نییە)، شیرەمەنیی دروستکراو بە ڕۆنی ڕووەکیی هایدرۆجینکراو.

چەندین کارگە و باخی نهێنی لە شارەکان دەستیان بەسەردا گیراوە کە بەرواری بەسەرچوونی خۆراکیان ساختە کردووە یان گۆشتی ماوەبەسەرچوویان بۆ قیمە و سۆسج بەکارهێناوە.

 نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بەهۆی چەورییە زیانبەخشەکان (Trans fats)، ژەهراویبوون و دروستبوونی شێرپەنجەی گەدە و ریخۆڵە.

داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن لە هەرێمی کوردستان، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت ساڵانە لە نێوان 400 بۆ 700 تۆن خۆراک و گۆشتی خراپبوو دەستبەسەر دەکەن و لەناودەبەن، هەروەها سەدان دووکان و کارگە بەهۆی پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکانى تەندروستى دادەخرێن.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 25٪ بۆ 30٪ی خواردنگە میللییەکان و عەرەبانەکانی سەر شەقام، زەیتەکە لە سەرووی ئاستی مەترسیدارەوە (%25 TPM) بەکاردێتەوە و لەبری گۆڕین، تەنیا زەیتی نوێی بەسەردا دەکەن، هەرچەندە ساڵانە دەست بەسەر دەیەها تۆن زەیتی سووتاودا دەگیرێت کە لە کارگەی بچووک و ژێرزەمینی لە رێگەی فلتەرکردنی سەرەتایی یان ماددەی کیمیایی (رەنگبەر)ەوە ریسایکڵ دەکرێنەوە و دووبارە دەخرێنەوە بازاڕ، ئەوە لە کاتێکدا دووبارە گەرمکردنەوەی زەیت دەبێتە هۆی دروستبوونی ماددە ژەهراوییەکانی وەک ئەکرۆلین و ئەلدێهایدەکان و زیادبوونی چەورییە زیانبەخشەکان (Trans Fats) بە رێژەی سەرووی 35٪، کە هۆکاری سەرەکیی تەسکبوونەوەی دەمارەکان و شێرپەنجەی گەدەن.

مانگانە زیاتر لە 10 بۆ 30 تۆن گۆشتی بەستوو (بەڕازیلی، هیندی و پارچەی مریشکی قاچاخ)، بەستووییەکەیان خاوبووەتەوە و دووبارە بەستویانەتەوە، یاخود شیاونەبوون بۆ خواردن، لە خاڵە پشکنینەکان و بازاڕەکاندا دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە بەشێک لە قەسابخانە و چێشتخانەکان گۆشتی بەستووی بێئێسک (کە نرخەکەی زۆر هەرزانترە) دەتوێننەوە و وەک گۆشتی فرێشی ناوخۆ یاخود لە قیمە و کەبابدا تێکەڵی دەکەن بۆ شاردنەوەی بۆن و تامە راستەقینەکەی.

سەرەڕای هەڵمەتە بەردەوامەکان، هێشتا رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگە فەرمییەکان بە زیاتر لە 15٪ بۆ 20٪ دەخەمڵێنرێت، کە مەترسیی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون (CCHF) و نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ زیاد دەکات.

لە پشکنینە تاقیگەییەکاندا دەرکەوتووە کە نزیکەی 20٪ بۆ 35٪ی ئەو بەرهەمە شیرەمەنییە هەرزانانەی لە بازاڕدان، لەبری چەوریی سروشتیی شیر، رۆنی رووەکی (زەیتی خورما) یان تێکراوە، بێ ئەوەی ئاماژەی پێکرابێت.

لیژنەکانی قایمقامیەت بەردەوام دەست بەسەر چاپکەر و لەزگەی ساختەدا دەگرن لە کۆگاکاندا کە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی بەسەرچوونی خۆراکی منداڵان، شوکولاتە، دۆشاوی تەماتە و قوتووەکان بەکارهاتوون.

بەپێی تۆمارەکانی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن، ساڵانە لە وەرزی هاویندا حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵ بە ڕێژەی 40٪ بەرز دەبنەوە، کە زیاتر لە 60٪ی حاڵەتەکان بەهۆی مایۆنێز، گۆشتی تێکچوو، یان شیرەمەنیی کەمکوالیتییەوەن.

شەشەم: یارییە مەترسیدارەکان و چەکی بێمۆڵەت

تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان ، چەکی بێمۆڵەت (دەمانچە و کڵاشینکۆف)، چەقۆ و قەمەو خەنجەر بۆکس، بەبەشێک لەو بابەتانە دادەنرێن کە مەترسیی زۆریان لەسەر کۆمەڵگەى کوردستان داناوە.

زیانی جەستەیی (کوێربوونی چاو و بڕینەوەی پەنجە لە منداڵاندا بەهۆی تەقەمەنییەکانەوە)، تێکدانی ئارامیی کۆمەڵایەتی، زیادبوونی کوشتن و شەڕە گەڕەک.

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە هەموو جەژنێکدا دەیان حاڵەتی برینداربوون تۆمار دەکرێن کە (زۆربەیان منداڵن). هەروەها وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت، دەستی بەسەر دەیان هەزار پارچە چەکدا گرتووە تا تاوانە چەکدارییەکان کەم بکاتەوە.

ئامار و بەدواداچوونە ئەمنی و پزیشکییەکان لە هەرێمی کوردستان، داتای روون لەسەر قەبارەی مەترسییەکانی چەکی بێمۆڵەت و یارییە ئاگرینە تەقێنەرەکان دەخەنە روو:

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکاندا، زیاتر لە 15،000 بۆ 20،000 پارچە چەکی جۆراوجۆر (کڵاشینکۆف، دەمانچە و چەکی راو) لە هاووڵاتییان دەستیان بەسەردا گیراوە یان لە بنکەکانی تۆمارکردن مۆڵەت و فۆڕمیان بۆ کراوە، ئەوە لە کاتێکدا سەدان بازاڕگە و تۆڕی ئۆنلاینی کڕین و فرۆشتنی چەک و فیشەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخراون و فرۆشیارەکانیان دەستگیر کراون.

زیاتر لە 75٪ بۆ 85٪ی ئەو تاوانانەی کوشتن و بریندارکردن کە لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن، بە چەکی ئاگرینی بێمۆڵەت ئەنجام دەدرێن، کێشە کۆمەڵایەتی و عەشایەرییەکان، شەڕە دەمەقاڵێی گەنجان لەسەر شەقام، و توندوتیژیی خێزانی، سەرەکیترین ئەو بوارانەن کە بەهۆی هەبوونی چەک لە ماڵەکاندا لە کێشەیەکی سادەوە دەگۆڕێن بۆ کوشتار.

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و ئاسایش ساڵانە لە پێش بۆنە و جەژنەکاندا دەست بەسەر سەدان هەزار دانە یاریی ئاگرین، ترەقە، دەمانچەی ساچمەیی، و لەیزەری زیانبەخشدا دەگرن و لەناویان دەبەن، زۆربەی ئەم کەلوپەلانە لە رێگەی قاچاخ یان شاردنەوە لەناو باری کەلوپەلی تردا لە خاڵە سنوورییەکانەوە هاوردە دەکرێن.

لە هەر جەژنێکدا (نەورۆز، جەژنی رەمەزان، و جەژنی قوربان)، نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و چاو لە شارەکانى هەرێمی کوردستان، لە نێوان 40 بۆ 90 حاڵەتی بریندار تۆمار دەکەن و زۆرینەی قوربانییەکان منداڵ و مێرمنداڵن، لە تەمەنی 5 بۆ 15 ساڵیدان.

لە نێوان 10٪ بۆ 15٪ی بریندارەکان تووشی کەمئەندامیی هەمیشەیی دەبن، وەک: لەدەستدانی بینایی یەک چاو یان هەردوو چاو، سووتانی دەموچاو، و پەڕین یان بڕینەوەی پەنجەکانی دەست بەهۆی تەقینەوەی کتوپڕ.

دەنگی تەقینەوەی یارییە ئاگرینەکان ساڵانە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی توند بۆ بەساڵاچووان، نەخۆشانی دڵ و منداڵانی ساوا، و لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی شەڕەگەڕەک لە نێوان دراوسێکاندا.

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەموو وەرزێکی جەژندا هاووڵاتییان سەدان هەزار دۆلار لە کڕینی ئەم کەلوپەلە مەترسیدارانەدا خەرج دەکەن کە هیچ بەهایەکی بەکارهێنانیان نییە جگە لە دروستکردنی مەترسی.

ماوەتەوە بگوتریت:

ئەم داتایانە دەریدەخەن کە مەترسییەکان تەنیا سەرپێچیی بازرگانی یان یاسایی نین، بەڵکو گەیشتوونەتە ئاستی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، ئابووری و داهاتووی نەوەی نوێ لە هەرێمی کوردستان؛ کاتێک کۆمەڵگە لە یەک کاتدا رووبەڕووی تەشەنەسەندنی ماددەی هۆشبەر، بازاڕی دەرمان و خۆراکی ساختە، کێشە تەندروستییە گوازراوەکان و چەکی بێمۆڵەت دەبێتەوە، چاوپۆشی و سزای سەرپێچییە سادەکان بەس نین.

بۆیە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردانە پێویستی بە ستراتیژێکی نیشتمانیی فرەلایەن هەیە کە لە سنووردارکردنی توندی خاڵە سنوورییەکان و سزادانی قورسی تۆڕە بازرگانییە نایاساییەکانەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی و بەهێزکردنی ژێرخانی پزیشکی و چاکسازی، چونکە پاراستنی تەندروستی و ئارامیی کۆمەڵگە بنەمای سەرەکیی مانەوە و گەشەی هەر نیشتمانێکە.