ترەمپ: رەنگە لە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران زیادەڕەویمان کردبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند ئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران، هەوڵەکانی واشنتن بۆ دیاریکردنی لایەنێکی دانوستان ئاڵۆز کردووە و رەنگە ئەمریکا لەم بوارەدا زیادەڕەوی کردبێت.

ترەمپ دووشەممە، 12ی ئۆکتۆبەری 2026، لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە شاری یانگستاونی ویلایەتی ئۆهایۆ، لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران قسەی کرد.

سەرۆکی ئەمریکا وتی: رەنگە لە بەئامانجگرتنی سەرکردەکان زیادەڕەویمان کردبێت؛ چونکە ئیتر نازانین لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەین.

لە هەمان وتاردا، ترەمپ دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. هەروەها بانگەشەی کرد کە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێرانیان لەناوبردووە.

قسەکانی ترەمپ لەبارەی ئاستەنگیی دانوستانەکانەوە، هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆیتەرز وتوویەتی واشنتن هێشتا دڵنیا نییە بڕیارەکان لە ناو سەرکردایەتیی ئێراندا چۆن دەدرێن. ڤانس جەختی کردووەتەوە کە هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ملمڵانێکە، پێویستی بە کەمکردنەوەیەکی بەرچاوی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران هەیە.