سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابووری عێراق لە 2026 بە رێژەی 16% بچووک دەبێتەوە

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) پێشبینی کردووە ئابووری عێراق لە ساڵی 2026 بە رێژەی 16% بچووک ببێتەوە، بەڵام لە ساڵی 2027 گەشەیەکی بەرزی 19% تۆمار بکات.

بەپێی راپۆرتی ئاسۆکانی ئابووری جیهان بۆ ئۆکتۆبەری 2026، ئابووری عێراق لە ساڵی 2025 بە رێژەی 0.4% دابەزیوە.

راپۆرتەکە پێشبینی دەکات رێژەی هەڵئاوسانی نرخەکان لە عێراق لە 0.3% لە ساڵی 2025 بەرز ببێتەوە بۆ 3.5% لە 2026، پاشان لە ساڵی 2027 دابەزێت بۆ 3%.

پێشبینی کراوە کورتهێنانی عێراق لە 3.8%ی بەرهەمی ناوخۆیی لە 2025 بەرز ببێتەوە بۆ 10.8% لە 2026، پێش ئەوەی لە 2027 بگۆرێت بۆ پاشەکەوتێکی 2.2%.

هەروەها سندوقەکە پێشبینی کردووە ئابووری وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی ناوچەکە بە گشتی لە 2026 بە رێژەی 3.8% بچووک ببێتەوە، بەڵام لە 2027 گەشەی 7.4% تۆمار بکات.

بەپێی هەمان پێشبینی، ئابووری سعوودیە بە رێژەی 3.3%، ئیمارات 3.9%، قەتەر 15.6% و کوێت 16.7% لە ساڵی 2026 بچووک دەبنەوە.

شارەزایانی ئابووری جەخت لەوە دەکەنەوە کە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی بە تەنها مانای باشبوونی باری بژێوی هاووڵاتیان نییە، چونکە ئاستی داهات، هەلی کار و هەڵئاوسانی نرخەکانیش رۆڵی سەرەکییان هەیە.