
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی Visual Capitalist کە پشتی بە ئامارەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گەیاندن (ITU) بەستووە، عێراق لە پێنوێنی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن (IDI) بۆ ساڵی 2026 پلەی 99ـەیەمی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە و توانیویەتی 79.4 خاڵ تۆمار بکات.
ئەم پۆلێنکردنە ئاستی پەیوەندیی دیجیتاڵی لە 159 وڵات و ئابووریی جیهاندا دەپێوێت، لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکی سەرەکی، لەوانە: رێژەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و بەکارهێنانی، قەبارەی بەکارهێنانی داتا و گونجاوی و کەمیی تێچووی خزمەتگوزارییەکان.
بەپێی داتاکان، عێراق لە کۆکردنەوەی خاڵەکاندا لەگەڵ کۆڵۆمبیا یەکسان بووە (79.4 خاڵ) و پێش کۆماری دۆمینیکان (79.3 خاڵ) کەوتووە، هاوکات بە جیاوازییەکی کەم لە دوای میسر (79.6 خاڵ) و تونس (80.1 خاڵ) هاتووە؛ لە کاتێکدا هەردوو وڵاتی ئەندەنوسیا (84.7) و بەرازیل (84.6) خاڵی بەرزتریان تۆمار کردووە. لەسەر ئاستی جیهانیش، تێکڕای گشتیی پێنوێنەکە 79 خاڵ بووە، بەوەش عێراق کەوتووەتە سەرووی هێڵی تێکرای نێودەوڵەتی.
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، وڵاتانی کەنداو باڵادەستیی خۆیان سەلماندووە، سعوودیە بە 99.8 خاڵ لە پلەی یەکەم و ئیمارات بە 98.8 خاڵ لە پلەی دووەمدا هاتوون، بەدوای ئەوانیشدا کوێت، قەتەر و بەحرەین ریزبەندییەکەیان گرتووە.
لە ئەوروپاشدا ئیستۆنیا پێشەنگی وڵاتانی کیشوەرەکەی بووە بە 98.5 خاڵ، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پلەی نۆیەمی جیهانیی بەدەستهێناوە بە 97.9 خاڵ.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە 59 وڵات نمرەی نێوان 90 بۆ 100 خاڵیان بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا 15 دەوڵەت نمرەکانیان لە خوار 50 خاڵەوە بووە. هەروەها بەرەوپێشچوونێکی فراوان لە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکاندا تۆمارکراوە، بە جۆرێک لە کۆی 151 دەوڵەت، 146 دەوڵەت ئاستی خاڵەکانیان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.