بافڵ تاڵەبانی: دەتوانین لە 24 کاتژمێردا حکومەت پێکبهێنین ئەگەر لەسەر بنەماکان رێکبکەوین

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایگەیاند، پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەکرێت، بە مەرجێک رێککەوتن لەسەر چەند کێشە و بنەمایەک بکرێت. هەروەها ئاشکرای کرد لەگەڵ ئێران گفتوگۆیان لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ئاشتیی هاوشێوەی تورکیا کردووە.

بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئۆکتۆبەر، لە دیداری مێری وتی، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و ئامادەیە بۆ رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بەڵام سازش لەسەر مافەکانی گەل ناکات.

سەبارەت بە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت، ئاماژەی بەوە کرد کە 16 جار بۆ گەیشتن بە رێککەوتن سەردانی هەولێری کردووە، بەڵام هێشتا رێککەوتن بەدەست نەهاتووە. بە وتەی ئەو، لایەنەکان زۆر لە یەکەوە دوور نین و کێشەکان پەیوەندییان بە ئاسایش و بنەماکانی حکومەتێکی هاوپەیمانییەوە هەیە.

سەرۆکی یەکێتی لای خۆیەوە ئەو بۆچوونەشی رەت کردەوە کە ئێران یان لایەنە دەرەکییەکان رێگرن لە پێکهێنانی حکومەت. هەروەها وتی، پەیوەندی و هەماهەنگیی بەهێزیان لەگەڵ پارتی هەیە و توانیویانە هەندێک گرژی کەم بکەنەوە.

هەروەها بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پێویستیی گۆڕینی سیاسەت و زمانی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد کردەوە و وتی، عێراقێکی دەوڵەمەند و ئارام بە واتای کوردستانێکی دەوڵەمەند و ئارامە.

ئەو عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی، بە کەسێک وەسف کرد کە دەیەوێت گۆڕانکاریی جدی ئەنجام بدات و بە بۆچوونی ئەو، روانگەیەکی شۆڤێنی بەرامبەر کورد نییە.

هۆشداریشی دا کە مەترسیی ئەمنی و ئابووری لە ئارادایە و خراپبوونی دۆخی بەغداد، دۆخی هەرێمیش خراپتر دەکات؛ بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتی گەورە بۆ کورد دەبینێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران، بافڵ تاڵەبانی وتی، ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران ئەوە بووە بزانن چۆن هەرێمی کوردستان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ بپارێزن.

هەروەها رایگەیاند، لەگەڵ ئێران باسی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتیی تورکیایان کردووە. بە وتەی ئەو، ئێران پێشوازیی لە بیرۆکەکە کردووە و پێشنیازی هاوکاری بۆ دروستکردنی پرۆسەیەکی فراوانتری ئاشتی لە ناوچەکە خستووەتەڕوو.

جەختی لە پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردەوە و وتی، لە ئێستادا لەگەڵ ئەنقەرە باشتر لە یەک تێدەگەن. سەبارەت بە سوریاش، داوای لە حکومەت و کوردەکان کرد هەنگاوەکانیان خێراتر بکەن و گەشبینیی خۆی بە هەنگاوە هەڵگیراوەکان دەربڕی.