نەوشیروان مستەفا و دیارییەکەی سەدام

نەوشیروان مستەفا یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد (بەو تێبینییانەش کە لەسەری هەبوون). سیاسەتمەدارێکی خاوەن پێنووس و بیری رەخنەگرانە بوو، بەڕاشکاوی و ئازایەتیی قسەکردن ناسرابوو. بۆ هەموو پێشهات و رووداو و گۆڕانکارییەک بەرنامەی هەبوو، بەڵام ئەو کەرەستە و هاوکارانەی لەبەردەستدا نەبوون کە لە ئاستی جێبەجێکردنی بەرنامەکانیدا بن.

دیاری لە هەموو کولتوورەکاندا نیشانەی رێز و نزیکبوونەوەیە، بەڵام تەنیا شتێکی ماددی نییە. بۆ کەسێکی ئاسایی، وەرگرتنی دیاری کارێکی تایبەتییە، بەڵام سەرکردە نوێنەری گەلێکە و هەر دیارییەک وەری بگرێت، بە ناوی ئەو گەلەوە وەری دەگرێت. بۆیە پێویستە بزانێت چی وەردەگرێت، لە کێی وەردەگرێت و بۆچی وەریدەگرێت.

بەهێزیی کەسایەتیی سەرکردە لەوەدایە کە لە چوارچێوەی جددیەتدا هەڵسوکەوت بکات و بەرژەوەندیی گشتیی گەل و رەوشەکەی لەبەرچاو بگرێت. ئەم پرسە کاتێک هەستیارتر دەبێت کە بەخشەرەکە خۆی هۆکاری ماڵوێرانیی گەل بێت. لەو حاڵەتەدا دیاری دەبێتە نرخی بێدەنگی و سووکایەتی بە یادی قوربانییان. هەروەها کاتێک بەخشەر و وەرگر هەردووکیان بەشدار بن لە دروستکردنی گرفت و ماڵوێرانییەکانی کۆمەڵگەدا، دیاری دەبێتە سەودایەک لە نێوانیاندا لەسەر حیسابی کۆمەڵگە.

سەلاح لیوا بیست (پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی) لەسەر زاری رەسوڵ مامەند دەگێڕێتەوە کە لە کۆتایی ساڵی 1992، دوای کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، کاک نەوشیروان بە بەردەمیاندا رەت بوو. لەو کاتەدا کاک رەسوڵ گوتی: “ئینسان کە ئەو پیاوە دەبینێت، شەرم دایدەگرێت!” کاتێک سەلاح هۆکەی لێ پرسی، گوتی:

“کاتێک وەک شاندی دانوستانی بەرەی کوردستانی لە کۆشکی کۆماریی عێراق میوان بووین، سەدام حوسێن بەپێی پرۆتۆکۆڵ دەمانچەیەکی دەسک زیوی گرانبەهای بە یەکە یەکەمان بەخشی. کاتێک نۆرە گەیشتە نەوشیروان، گوتی: دیارییەکی دیکە هەیە، ئەگەر بمدەیتێ زۆر مەمنوون دەبم. سەدام گوتی: چی؟ نەوشیروان گوتی: گۆڕی ئەنفالەکانم پێ بڵێ! سەدام گوتی: داوای هەر چییەک دەکەیت بیکە، بەس باسی ئەنفالەکان مەکە. نەوشیروانیش گوتی: من تەنیا ئەو دیارییە وەردەگرم، ئەم دەمانچەیەم ناوێت. لەو ساتەدا هەموومان لە جێگەی خۆماندا تەریق بووینەوە.”

نەوشیروان مستەفا لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەم رووداوە ناکات، بەڵام خاڵە بەکر تەلانی، کە زۆربەی کەسوکاری بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (خەرمانی درەو) پشتڕاستی دەکاتەوە. بۆ کەسێک کە ئاشنای کەسایەتیی نەوشیروان بێت، باوەڕکردن بەم بەسەرهاتە قورس نییە، چونکە ئازایەتی و قسەلەڕوویی ناوبراو گوتنی ئەو قسانەی لێ دەوەشێتەوە.

نەوشیروان لەو ساتەدا رێوڕەسمێکی پرۆتۆکۆڵیی کردە ساتێکی لێپرسینەوە. نەک داوای دیاری نەکرد، بەڵکو دەمانچەیەکی دەسک زیوی لە دەستی ئەو دەسەڵاتە رەت کردەوە کە دەیان هەزار کوردی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا شاردبووەوە، و لە جیاتیی ئەوە داوای راستیی کرد. ئەمە دەرسێکە بۆ سەرکردەکان کە لە کاتی وەرگرتنی دیاریدا بزانن چی وەردەگرن، لە کێی وەردەگرن و بۆچی وەریدەگرن! سەرکردە دەتوانێت بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەی لەگەڵ دوژمنیشدا دابنیشێت، بەڵام نابێت هەرگیز یادی قوربانییان بخاتە سەر مێزی سەودا.

 (زانیارییەکە وەرگیراوە لە تێزی دکتۆرای مامۆستا ئازاد عەلی دەربارەی ژیانی نەوشیروان مستەفا، کە بڕیارە رۆژی ٢١-١٠-٢٠٢٦ لە زانکۆی کۆیە گفتوگۆ بکرێت.)