
ئاڤی گیل، سکرتێری سەربازیی پێشووی بنیامین نەتەنیاهو، ئاشکرای کرد کە چەندین هەفتە و مانگ پێش هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئیسرائیل بەردەوام هۆشدارییان لە نزیکبوونەوەی شەڕ داوەتە سەرۆکوەزیران. هەروەها تۆمەتباری کرد کە لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵات، دەرفەتی رزگارکردنی بارمتەکانی لەدەست داوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی The Times of Israel، ژەنەڕاڵ ئاڤی گیل، کە لە کاتی هێرشەکەدا سکرتێری سەربازیی ناتانیاهۆ بووە، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی 12ی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەرپرسانی باڵای ئەمنی چەندین جار هۆشدارییان لەوە داوە کە ئیسرائیل رووبەڕووی مەترسیی شەڕ دەبێتەوە.
گیل روونی کردووەتەوە کە ئەو هۆشدارییانە پەیوەندییان بە مەترسیی گشتیی شەڕەوە هەبووە، نەک زانینی وردەکاریی هێرشە دیاریکراوەکەی 7ی ئۆکتۆبەر.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سکرتێری پێشووی نەتەنیاهو تۆمەتێکی قورسی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، بەوەی لەپێناو پاراستنی هاوپەیمانیی حکوومەتەکەی و مانەوەی لە دەسەڵات، چەندین دەرفەتی راستەقینەی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکانی دەستی حەماس بە زیندوویی لەدەست داوە.
گیل ئاماژەی بەوە کردووە کە لە هەندێک قۆناغدا، نەتەنیاهو لەژێر گوشاری وەزیرە راستڕەوە توندڕەوەکانی حکومەتەکەیدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان گۆڕیوە.
کاتێک لێی پرسیراوە ئایا بڕیارە سیاسییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی هەندێک بارمتە لە کاتێکدا گیانیان لەدەست بدەن کە دەکرا پێشتر بە زیندوویی بگەڕێنرێنەوە، گیل وەڵامی داوەتەوە: ئەوە راستە، دەکرا پێشتر بگەڕێنەوە.
هەروەها گیل تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستکاریکردنی تۆمارەکانی رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری خستووەتە پاڵ بەرپرسانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، بە مەبەستی دوورخستنەوەی بەرپرسیارێتی لە نەتەنیاهو.
لە بەرامبەردا، نەتەنیاهو و حزبی لیکود ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە و بە بانگەشەی سیاسی ناویان بردووە.
ئەم ئاشکراکردنانە کاردانەوەی سیاسییان لە ئیسرائیل لێکەوتووەتەوە و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی تاوانکارییان کردووە، لە کاتێکدا هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیل بۆ 27ی ئۆکتۆبەری 2026 دیاریکراوە.