
پۆلیسی پارێزگای بابل، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە نهێنیی مردنی پیاوێکی لە نەخۆشخانەی ئیمام سادق ئاشکرا کردووە. بەپێی بەیاننامەی پۆلیس، گومانەکان بۆ هاوسەری پیاوەکە گەڕاونەتەوە، کە تۆمەتبارە بە تێکەڵکردنی ماددەیەکی ژەهراوی، کە بۆ لەناوبردنی مێروو بەکاردێت، لە چا و پێدانی بە هاوسەرەکەی.
پۆلیس دەڵێت پێش تەواوکردنی رێکارەکانی رادەستکردنی تەرمەکە بە خێزانەکەی، گومانەکانی دەربارەی مردنەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەری و پشکنینی تاقیگەیی کرد.
تیمێکی تایبەتی لێکۆڵینەوە بە بەشداریی بەرپرسانی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوان و پسپۆڕانی بەڵگەی تاوانکاری، بەڵگەکانیان کۆکردووەتەوە.
بەپێی راگەیاندنی پۆلیس، ژنە تۆمەتبارەکە دانی بە کردارەکەدا ناوە و دانپێدانانەکەشی لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە پشتڕاست کراوەتەوە. پاشان بە بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کراوە و رێکارە یاساییەکان بەرامبەری دەستیان پێکردووە.