
لە کاتێکدا راپۆرتە ئابوورییەکان باسی گەشەکردنی ئابووری، زیادبوونی بەرهەمهێنان و گەورەبوونی سامان دەکەن، ملیۆنان کەس هەست دەکەن ژیانیان لە ساڵانی رابردوو قورستر بووە.
نرخی خانوو و کرێی ماڵ بەرز دەبێتەوە، خەرجی خواردن و وزە زیاد دەکات و مووچەی مانگانە بە زەحمەت بەشی پێداویستییەکانی خێزان دەکات. ئەمەش پرسیارێکی سەرەکی دروست دەکات: چۆن دەکرێت وڵاتێک دەوڵەمەندتر ببێت، بەڵام هاووڵاتییەکانی هەست بە هەژارتر بوون بکەن؟
گەشەی ئابووری هەمیشە مانای باشتر بوونی ژیان نییە
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە گەشەی ئابووری بە پێوەرێک بە ناوی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی (GDP) دەپێورێت. ئەم پێوەرە نیشان دەدات ئابووری چەند کاڵا و خزمەتگوزاری بەرهەم هێناوە، بەڵام نیشان نادات کێ سوودی لەو گەشەیە وەرگرتووە.
بۆ نموونە، بەپێی ئامارەکانی راپۆرتەکە، ناوەندی داهاتی خێزانە ئەمریکییەکان لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 87 هەزار و 460 دۆلار، بەڵام دوای رەچاوکردنی هەڵاوسان، ئەم داهاتە تەنها 2.5٪ لە ساڵی 2019 زیاتر بووە.
لە ئەوروپاش، نرخی خانوو لە نێوان ساڵانی 2010 تا 2024 بە رێژەی 53٪ بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا کرێی خانوو 25٪ زیادی کردووە.
ئەم ژمارانە نیشان دەدەن کە زیادبوونی داهات هەمیشە ناتوانێت هاوشانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان بڕوات.
بۆچی دابەزینی هەڵاوسان خەڵک هەست بە ئاسوودەیی ناکات؟
هۆکارێکی دیکە جیاوازییە لە نێوان دابەزینی رێژەی هەڵاوسان و دابەزینی نرخەکان.
ئەگەر نرخی کاڵایەک لە 100 بۆ 130 دینار بەرز ببێتەوە و دواتر هەڵاوسان کەم ببێتەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە نرخەکە دەگەڕێتەوە بۆ 100 دینار؛ بەڵکو تەنها مانای ئەوەیە نرخەکان بە خێراییەکی کەمتر زیاد دەکەن.
بۆیە کاتێک ئابووریناسان دەڵێن هەڵاوسان دابەزیوە، هاووڵاتییان هێشتا هەست بە گرانی دەکەن، چونکە نرخە بەرزەکان لە بازاڕدا ماونەتەوە.
کێ سوودمەندی سەرەکیی گەشەی ئابوورییە؟
هۆکارێکی گرنگی دیکە شێوازی دابەشبوونی سامانە. ئەگەر زۆربەی قازانجی گەشەی ئابووری بگاتە دەستی کۆمپانیا گەورەکان و خاوەن سامانەکان، بەڵام مووچەی کرێکاران و کارمەندان بە هەمان رێژە زیاد نەکات، ئەوا زۆربەی خەڵک سوودی راستەوخۆ لە گەشەکە نابینن.
ئەم دۆخە بە تایبەتی چینە مامناوەندەکە دەخاتە ژێر فشار؛ ئەو چینەی کە دەبێت بتوانێت خانوو بکڕێت، منداڵەکانی بخوێنێت، پارە پاشەکەوت بکات و بۆ داهاتوو پلاندانان بکات.
نموونەی لوبنان؛ گەشەی ئابووری بەبێ ئاسوودەیی
لوبنان نموونەیەکی دیکەی ئەم دۆخەیە. دوای ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە لە ساڵی 2025 بە ڕێژەی 4.2٪ گەشەی کرد، بانکی جیهانی پێشبینی کردووە لە ساڵی 2026 بەهۆی شەڕ و کاریگەرییەکانی، ئابووریی لوبنان 6.4٪ بچووک ببێتەوە.
لە هەمان کاتدا، پێشبینی کراوە هەڵاوسان بگاتە 17.5٪، کە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر توانای کڕینی خێزانەکان.
پرسیاری گرنگ: ئابووری بۆ کێ گەشە دەکات؟
گەشەی ئابووری کاتێک لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا مانای راستەقینەی دەبێت کە مووچەکان بتوانن هاوشانی تێچووی ژیان بڕۆن، خانوو و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بەردەست بن و خێزانەکان بتوانن پارە پاشەکەوت بکەن.
ئەگەر گەشەی ئابووری تەنها لە ئامارەکاندا دیار بێت، بەڵام لە بازاڕ و ژیانی هاووڵاتییاندا رەنگ نەداتەوە، ئەوا متمانەی خەڵک بە سیستەمی ئابووری لاواز دەبێت.
کۆتایی پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئابووری چەند گەشەی کردووە، بەڵکو ئەوەیە: کێ سوودی لەو گەشەیە وەرگرتووە و ژیانی چەند کەس باشتر بووە؟
سەرچاوە: رۆژنامەی شەرقل ئەوسەت