بۆچی ئەمریکا سزای خستەسەر دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی لاهای؟

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سزای ئابووریی فراوانی بەسەر دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی (ICC)دا سەپاندووە، کە دەتوانێت توانای دارایی و کارکردنی دادگەکە بە شێوەیەکی جدی لاواز بکات.

بەپێی راپۆرتێکی BBC، سزا نوێیەکان کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بانکی و نەرمەکاڵا بە دادگەکە قەدەغە دەکەن. واشنتن بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لە سزاكان ماوەی شەش مانگی دیاریکردووە، بۆ ئەوەی دەرفەتی گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بمێنێتەوە.

سەبارەت بەهۆکاری ئەم هەنگاوەی ئەم هەنگاوە، کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دادگەکە بەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکا و بەرپرسانی ئیسرائیلەوە. واشنتن پێی وایە دادگەکە “دەستدرێژی دەکاتە سەر سەروەریی ئەمریکا”، بە تایبەتی دوای لێکۆڵینەوە لە کردارەکانی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل، لەوانە بنیامین نەتەنیاهو.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڕەشەی کردووە کە یان دادگەکە دەست لەو هەنگاوانە هەڵدەگرێت کە واشنتن بە هەڕەشەیان دەزانێت، یان ئەمریکا هەوڵی لەناوبردنی دادگاکە دەدات.

لە بەرامبەردا، نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین هاوپەیمانی ئەمریکا، لەوانە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، دژی بڕیارەکە وەستاون و ئاگادارییان داوە کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی دادپەروەریی نێودەوڵەتی.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتیش رایگەیاندووە کە ئەم سزایانە هێرشێکن بۆ سەر سەروەریی یاسا، بەڵام ناتوانن لە ئەرکەکەی پاشەکشەی پێ بکەن.