واشنتن پۆست: ترەمپ بە گەمارۆی ئابووری هەوڵی ناچارکردنی ئێران بۆ رێککەوتن دەدات

رۆژنامەی واشنتن پۆست، بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئاشکرای کردووە کە واشنتن پێی وایە کات لە بەرژەوەندی ئەمریکا دایە و بەردەوامبوونی گەمارۆی ئابووری زیانی زیاتر بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێت.

بەرپرسە ئەمریکییەکە رایگەیاندووە کە گەمارۆی دەریایی کاریگەریی سزا ئابوورییەکان بۆ سەر تاران زیاتر دەکات و توانای ئێران بۆ پشتبەستن بە داهاتی نەوت سنووردار دەکات.

بەپێی راپۆرتەکە، ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی گفتوگۆی کردووە دەربارەی ئەو ماوەیەی کە پێویستە بۆ ئەوەی فشارە ئابوورییەکان کاریگەریی خۆیان لەسەر ئێران دەربخەن.

بەرپرسەکە جەختی کردووەتەوە کە واشنتن دەیەوێت بە زووترین کات چارەسەرێک بدۆزێتەوە، بەڵام پێی وایە ئەگەر هاوپەیمانەکان خێراتر سەرچاوەکانی پشتگیریی ئابووریی ئێران ببڕن، تاران زیاتر هەست بە سنوورداربوونی بژاردەکانی دەکات و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن نزیکتر دەبێتەوە.