بانکی ناوەندی بازرگانان ئاگادار دەکاتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە هەموو کۆمپانیا و بازرگانان دەکات سەردانی بانکەکانیان بکەن، ئەگەر حەواڵەی پارەی هاوردەکردنی کاڵاکانیان کە پێش 7ی تشرینی یەکەم تۆمار کراوە، ئەوا نرخی حەواڵەی دۆلارەکانیان بە هەمان نرخی پێشوو بۆ دابینکراوە.

بانکی ناوەندی هەروەها ئاگاداری بانکەکان کردووەتەوە کە نابێت هیچ پارەیەکی زیادە لە بازرگانان وەربگرن بە بیانووی جیاوازی نرخی کۆن و نوێی دۆلار، بانکەکە دەڵێت پێشتر دۆلاری فەرمی بۆ بانکەکان دابین کردووە تا حەواڵەکانی بازرگانان جێبەجێ بکەن؛ بۆیە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکی زیادە لەم هۆکارەوە، پێچەوانەی رێنماییەکانە.

بانکی ناوەندی بۆ پاراستنی مافی بازرگانان رایگەیاندووە کە بەردەوام چاودێریی کێشەکان دەکات. ئەگەر بازرگانێک رووبەڕووی داواکردنی پارەی زیادە یان دواکەوتنی حەواڵەکەی ببێتەوە، دەتوانێت لە رێگەی پلاتفۆرمی سکاڵاکان یان ئیمەیڵی فەرمیی بانکی ناوەندی ([email protected]) سکاڵای خۆی پێشکەش بکات.

لە هەمان کاتدا، بانکی ناوەندی ئاشکرای کردووە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، کار لەسەر دەرکردنی کارتی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکی بۆ بازرگانانی بچووک دەکات. ئامانج لەم هەنگاوە ئاسانکردنی دابینکردنی پارە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و ئەنجامدانی مامەڵەکان بە نرخی فەرمییە.