
لە بەیانی 6ی ئۆکتۆبەری 2026، پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی ئەنجام دا کە یەکێک لە گەورەترین دۆسییەکانی گومانی سیخوڕی لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتە خستەڕوو. لە ناوەندی ئەم دۆسیەیەدا دوو کەسایەتیی دیار دەردەکەون: مانفرێد دانکسڕایتەری 64 ساڵە و ئاگوست هانینگی 80 ساڵە، کە پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی ئەڵمانیا (BND) بووە.
مانفرێد ساڵانێکی زۆر لەناو یەکێک لە هەستیارترین دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا کاری کردووە؛ ئەو سەرپەرشتیاری نووسینگەی چەند سەرۆکێکی دەزگای هەواڵگری بووە و بەهۆی پێگەکەیەوە دەستی بە زانیاری و دۆکیۆمێنتە هەرە نهێنییەکان رادەگەیشت. ناوبراو تا ئازاری 2026 لە دەزگاکەدا مابووەوە، بەڵام تەنها کەمێک دوای خانەنشینبوونی، ناوی لەم دۆسیە گەورە ئەمنییەدا تەقییەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی دادستانی فیدراڵی ئەڵمانیا، گومان دەکرێت هەر لە ساڵی 2010ـەوە رێککەوتنێکی ژێربەژێر لەنێوان مانفرێد و ئاگوست هانینگدا هەبووبێت؛ بە شێوەیەک کە مانفرێد بەرامبەر بڕە پارەیەک، بەڵگەنامە و زانیاریی هەستیار لەناو کۆگاکانی دەزگای هەواڵگری دەربهێنێت و رادەستی سەرۆکە پێشووەکەی بکات.
لە ماوەی نزیکەی 12 ساڵدا، گومان هەیە نزیکەی 2،000 بەڵگەنامەی نهێنی دەستاودەست کرابن. هەندێک لەو بەڵگەنامانە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، جموجۆڵەکانی سوپای رووسیا و هەڵسەنگاندنە ستراتیژی و ئەمنییەکانی حکومەتی ئەڵمانیاوە هەبووە. ئەمەش پرسیارێکی هەژێنەر دەوروژێنێت: چۆن ئەو هەموو زانیارییە ئاستبەرزە بۆ ساڵانێکی هێندە درێژ لە قووڵایی دەزگایەکی هەواڵگرییەوە دزەی کردووە بێ ئەوەی سیستەمی چاودێری هەستی پێ بکات؟
پاڵنەری راستەقینەی ئەم دزەپێکردنە چی بووە؟
دادستانی ئەڵمانیا گومان دەکات کە “پارە” یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بووبێت. ئاگوست هانینگ دوای جێهێشتنی پۆستە دەوڵەتییەکەی، چووبووە بواری راوێژکاریی ئەمنیی تایبەت و بازرگانی، هەر بۆیە گومان دەکرێت زانیارییە نهێنییەکانی بۆ دەستکەوتی دارایی بەکارهێنابێت؛ هەرچەندە تا ئێستا پاڵنەری کۆتایی هەردوو پیاوەکە بە فەرمی لە دادگادا یەکلایی نەکراوەتەوە.
لایەنێکی دیکەی مەترسیداری دۆسیەکە پەیوەندی بە دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانەوە هەیە. لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکاندا ناوی چین و ئازەربایجان دەهێنرێت؛ هەندێک سەرچاوە باس لە بوونی پەیوەندی لە نێوان هانینگ و بەرپرسێکی پێشووی سەربازیی چین دەکەن، بەڵام داواکاری گشتیی ئەڵمانیا هێشتا بە فەرمی ئەو دەوڵەتەی دەستنیشان نەکردووە کە وەرگری زانیارییەکان بووە. لە بەرامبەریشدا باکۆ ئەو گومانانەی بە تەواوی رەتکردووەتەوە.
خاڵی هەرە سەرسوڕهێنەر ئەوەیە کە دۆسیەکە لە سەرەتاوە لە رێگەی چاودێرییەکی هەواڵگری یان دژەسیخوڕییەوە نەدۆزراوەتەوە، بەڵکو لە کاتی لێکۆڵینەوە لە کەیسێکی تەواو جیاوازی “رفاندنی منداڵان”دا، ئەم بەڵگەنامە هەستیارانە بەڕێکەوت کەوتوونەتە بەردەستی پۆلیس و دەرگای لێکۆڵینەوەیەکی گەورەیان کردووەتەوە.
ئەمڕۆ ئەم رووداوە لە چوارچێوەی لێپێچینەوە لە دوو بەرپرسی پێشوو تێپەڕیوە؛ بەڵکو متمانەی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی بەرامبەر بە بەرلین لەرزاندووە. دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) و بەریتانیا (MI6) بە قووڵی نیگەرانن لەوەی زانیارییە هاوبەشە هەستیارەکانیان ئاشکرا بووبێت.
هەرچەندە ئاگوست هانینگ تۆمەتەکانی سیخوڕی رەتدەکاتەوە و هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی دادگا دەرنەچووە، بەڵام کەیسەکە کەلێنێکی ترسناک لە دڵی سیستەمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەڵمانیادا دەردەخات. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئەگەر ئەم گومانانە بسەلمێنرێن، ئایا ئەوە تەنها لادانی دوو بەرپرسی چاوچنۆکە، یان ڕاگەیاندنی شکستی کوشندەی سیستەمی دژەسیخوڕیی ئەڵمانیایە؟