رۆژنامەی ئەلمەدا: عێراق خۆی بۆ گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکان ئامادە دەکات

دوای بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی نرخی فەرمی دۆلار، رۆژنامەی ئەلمەدا ئاشکرای کردووە کە بەغدا خۆی بۆ هەنگاوێکی دیکەی هەستیاری دارایی ئامادە دەکات، کە بریتییە لە گۆڕینی دراوی نیشتمانی و لابردنی سفرەکان لە دیناری عێراقی.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکی تایبەتدا، بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ئاگادار، ئاشکرای کردووە کە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی گۆڕینی دراو لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا یان سەرەتای ساڵی 2027 دەست پێبکات، بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو تێنەپەڕێت.

بەپێی سەرچاوەکانی ئەلمەدا، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆژەکە، کۆنترۆڵکردنەوە و ئاشکراکردنی ئەو سامانە گەورانەیە کە گومان دەکرێت لە دەستی گەندەڵکاراندا کەڵەکە کرابن و قەبارەیان لانیکەم 200 ملیار دۆلار بێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەت هەوڵ دەدات کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکە نهێنی بهێڵێتەوە، چونکە ئاشکراکردنی پێشوەختی بڕیارەکە دەتوانێت دەرفەت بە خاوەن پارە نایاساییەکان بدات، سامانەکانیان بگۆڕن بۆ دۆلار، خانووبەرە یان سەرمایەی دیکە، بۆ ئەوەی لە کاتی گۆڕینی دراوەکەدا نەکەونە ژێر چاودێری.

بەڵام رۆژنامەکە هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڕی 200 ملیار دۆلار یان کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکە بڵاو نەکردووەتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری نوێی حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیان لە 1320 دینارەوە بۆ 1520 دینار، دەتوانێت بەپێی مەزەندە سەرەتاییەکان نزیکەی 20 تریلیۆن دینار داهاتی زیادە بۆ بودجەی گشتی دابین بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2027 بگاتە نزیکەی 65 تریلیۆن دینار.

بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونی کردووەتەوە کە دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ بەهۆی بارودۆخی ئابووری و دارایی ئێستا و لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام دراوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی بودجەی گشتی.

بانکەکە هەروەها جەختی کردووەتەوە کە یەدەگی دراوی بیانی بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازرگانی دەرەکی، مامەڵە بانکییەکان و دۆلاری گەشتیاران دەکات.

رۆژنامەی ئەلمەدا ئاشکرای کردووە کە لە 11ی حوزەیرانی رابردوودا، راپۆرتێکی لەسەر پلانی چاکسازیی ئابووریی حکومەتی عەلی فالح زەیدی بڵاوکردبووەوە.

بەپێی رۆژنامەکە، پلانەکە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دامەزراوە: گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار، فرۆشتنی ئەو دامەزراوانەی قەرزدارن و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان لە گەندەڵکاران.

هەروەها ئەلمەدا دەڵێت ئەم پلانە لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، لە مانگی حوزەیراندا تاوتوێ و پەسەند کراوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە حکومەت زیاتر لە یەک تریلیۆن دیناری لە شێوەی پارە و خانووبەرە لە رێگەی هەڵمەتەکانی دژەگەندەڵییەوە گەڕاندووەتەوە.

هەروەها عەلی زەیدی رایگەیاندووە سندوقێکی بە ناوی “سندوقی نەوەکان” دامەزراوە و 1.5 تریلیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.