
عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئۆکتۆبەری 2026، بڕیاری دواخستنی وەرگرتنی رسووماتی گومرگی و باجی سەپێنراو بەسەر هاوردەی هێلکە، مریشک و ئاژەڵی زیندووی بۆ گۆشت دا.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئامانجی ئەم بڕیارە پاراستنی جێگیریی بازاڕە ناوخۆییەکان و دابینکردنی ئەم خۆراکانەیە بە نرخێکی گونجاو، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن بە ئاسانی دەستیان پێ بگات.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی بە دەستەی گشتی گومرگ داوە بۆ دواخستنی وەرگرتنی رسووماتی گومرگی لەسەر هاوردەی ئاژەڵی زیندوو بۆ گۆشتی سوور، مریشک و هێلکە.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر هاووڵاتیان و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکە سەرەکییەکان گیراوەتەبەر.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە دوای بەرزکردنەوەی نرخی فەرمی دۆلار لە 1320 دینارەوە بۆ 1520 دینار، نرخی ژمارەیەک ماددەی خۆراکی لە بازاڕەکانی عێراقدا بەرزبووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکان هەندێک بازرگان دەستبەجێ نرخی کاڵاکانیان بەرزکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە تا روونبوونەوەی بارودۆخی بازاڕ فرۆشتنیان راگرتووە.