
دوای ئەنفال، کە کورد لە باشور، لەبەردەم ترسناکترین و خوێناویترین رژێمی ئەو سەردەمە، شکستیهێنابو، دەزگا و دامەزراوەکانی داگیرکەر لە کوردستان، پارەیان دەبەخشییە ئەو فەوج و گروپە جاش و بەکرێگیراوانەی کە وەك ئەرك و چالاکیی بۆ رژێم، دارستان و چەم و لێڕەکانی کوردستانیان دەسوتاند. دیقەت لەو نیشانە زەقەی داگیرکەریی بدەن: حوکمڕانە خۆیی و نیشتیمانیەکان، پارە و سامانێکی زۆر سەرف دەکەن، بۆ سەوز کردن و ئاوەدانکردنەوەی چیاکان و دەشت و دەریی وڵات، بەڵام داگیرکەر، پارە و پوڵ، بۆ سوتاندن و وێرانکردنی ژینگەی وڵاتی داگیرکراو، تەرخان دەکات!
دەیان ساڵە، تورکیای داگیرکەر، کورد جینۆساید دەکات، کوردستان وێران دەکات و گوندەکان رادەگوێزێت و دارستان و چەم و باخ و باخاتەکان دەسوتێنێ. تورکیای داگیرکەر، سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکات، بۆ سەوز کردن و ئاوەدان کردنەوەی دەڤەر و ناوچە تورکیەکان، بەڵام لە کوردستانی داگیرکراودا، بە پیجەوانەوە پارە سەرف دەکات و تەنانەت گیانی سەربازە تورکەکان دەخاتە مەترسییەوە، بۆ وێرانکردن و تەختکردنیی دارستانەکانی کوردستان. هێشتا، چونکە کورد، لە دۆخی کەوتن و شکستایە، حیزب و جوڵانەوە، کوردیی و کوردستانییەکان، ناوێرن باسیی ئەو کارەسات و وێرانکارییە بکەن و مەحکومیی بکەن و روبەڕویی ببنەوە.
پارتیی و یەکێتی، هەم بۆ پاراستنی پەیوەندیی هەرێم، وەك ئیدارە و حوکمڕانی و بەرژەوەندییەکانی باشور، هەم وەك دو حیزبیی هەمیشە ناکۆك و ناتەبا، نەك روبەڕوی وێرانکردنی دارستانەکانی کوردستان نابنەوە، بەڵکو بەهانەی بۆ دادەتاشن و پەردەپۆشیی دەکەن. تەڤگەریی ئاپۆچیی، کە قەرار بو دژیی داگیرکاریی تورکیا بوەستێتەوە و کوردستان رزگار بکات، ئێستا راهێنان بە لاوانی کورد دەکات کە کورد و تورکە داگیرکەرەکان، خوشك و برای یەکترن و بێ یەك و پێکەوە نەبێت، هەڵناکەن و ناتوانن بەردەوام بن. بۆیە لەبری ئیدانەکردنیی تورکیا و یەخە گرتنی داگیرکەر، خەڵك و میدیا و دامەزراوەکانی ئەو تەڤگەرە، رۆژ و شەو خەریکی جوێندان و سەرکۆنەکردنیی حکومەتی باشور و حیزبە کوردستانیەکانن. ئیسلامیەکانیش، کە لەشکریی مورتەزەقەی ئامادە و رێکخراویی ئەم سەردەمەی داگیرکەرن، لە ناوەوە خەریکی داگیرکردن و مەسخکردنی مێشكیی مرۆڤی کوردن. لای ئیسلامیەکان، هەمو چیا و دارستان و لێڕەوار و چەم و روبارەکانی کوردستان، بەهای کلکی کەرێکی “کەناری خۆرئاوا” ی “فەلەستین” ی نیە. بۆیە، نەك دژیی داگیرکاریی و وێرانکردنیی کوردستان ناوەستنەوە، بەڵکو لاوان لەسەر ئەوە رادەهێنن، کە ئیتاعە و مل شۆڕ کردن، بۆ تورکیا و داگیرکەر، بەشێکە لە دین و عیبادەت.
ئیتر، ئەرکە گەورەکە، ئەرکی بەرگریی و پاراستنیی کورد و شکۆمەندیی و هەستانەوە، کەوتوەتە ئەستۆی لاوانی کورد، ئەو لاوانەی کە حیزب و جوڵانەوە کوردییەکان، بێباك و بێخەم، لەبەردەم ئەژدیهای داگیرکەر و دوژمنانی ناوخۆ و دەرەکیی، بە تەنها و بێ پشت و بێ پەنا، جێیانهێشتون.