منداڵانی کەمپی ئەلهۆل لە ژینگەیەکی توندوتیژەوە بۆ ناوەندەکانى خوێندن

لە کەمپی (ئەلئەمەل) لە دەشتی نەینەوا، کە پێشتر هۆکاری دڵەڕاوکێ و رێکارە ئەمنییە توندەکان بوو، ئەمڕۆ دەنگی زەنگی قوتابخانە جێگەی بێدەنگیی ساڵانی ئاوارەیی گرتووەتەوە. سەدان منداڵ کە ساڵانێکی زۆری تەمەنیان لە نێو کەمپی (ئەلهۆل)ـی رۆژاڤاى کوردستان بەسەربردووە، ئێستا رووبەڕووی ئەزموونێکی نوێ دەبنەوە ئەویش تێکەڵبوونەوەیانە بە کۆمەڵگەیەک کە پێشتر نەیاندیوە و لەگەڵی رانەهاتوون.

حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی (یونسێف)ـى سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان، هەڵمەتێکی فرەلایەنەی دەستپێکردووە. ئامانج لێی دەرهێنانی ئەم نەوەیەیە لە پەراوێز و گۆڕینی چەمکی تۆڵە بۆ پەروەردە و شیاندنەوە.

ژیان لەسەر پێڕەوێکی نوێ

لە گۆڕەپانی کەمپەکەدا منداڵەکان لە جووڵەی بەردەوامدان؛ ژنان و منداڵان بە پێداویستیی کەم و چاوەڕوانییەکی زۆرەوە بە رێگاوەن بەرەو چادر و پۆلە نوێیەکان. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران زنجیرەیەک پۆلی کردووەتەوە کە منداڵانی تەمەن شەش ساڵان تا مێرمنداڵان لەخۆدەگرن:

پۆلەکانی خوێندنی ئاسایی کراوەتەوە بۆ ئەو منداڵانەی تازە پێدەنێنە تەمەنی خوێندنەوە.

پڕۆگرامی خوێندنی خێرا و نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ساڵانەی کە جەنگ، توندڕەوی و ئاوارەیی لێیان دزیبوون.

بەرپرسانی پەروەردەیی و ئەمنیی عێراق ئەم هەنگاوە تەنها وەک دەستکەوتێکی مرۆیی نابینن، بەڵکو بە یەکەم هێڵی بەرگریی دادەنێن دژ بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی بیری توندڕەوی؛ زانست و قەڵەم وەک بەهێزترین چەک لە قەڵەم دەدرێن بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی نەوەیەکی تر لە چەکدار.

گرێکوێرەی بێناسنامەیی

سەرەڕای کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، ئاستەنگێکی یاساییی گەورە لە ئارادایە ئەویش نەبوونی ناسنامە و بەڵگەنامەی فەرمییە.

زۆربەی ئەم منداڵانە لە دایکبووی ساڵانی شەڕ و ناوچە ئاڵۆزەکانن، یان لەناو کەمپی ئەلهۆل هاتوونەتە دونیاوە بەبێ ئەوەی لە هیچ تۆمارێکی فەرمیدا ناویان هەبێت. لەدەستدانی باوک یان نەبوونی بەڵگەی هاوسەرگیریی باوان، دۆسیەکەی لە رووی یاساییەوە هێندەی تر ئاڵۆز کردووە.

کریستیان سکۆگ، نوێنەری یونسێف لە عێراق، لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە رێکخراوەکەیان بە تەنیا کار ناکات، بەڵکو تیمێکی مەیدانی لە پارێزەران و پسپۆڕانی راسپاردووە تا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراقدا کار بکەن. رێگەچارەی خێرا بریتی بووە لە پێدانی بەڵگەنامەی کاتی تاوەکو منداڵ لە مافی خوێندن بێبەش نەبێت لە کاتێکدا رێکارە دادوەرییە درێژخایەنەکان بەڕێوەدەچن.

روانین بەرەو ئایندە

ئەو خێزانانەی لە ئەلهۆلەوە گەڕێندراونەتەوە، تا ماوەیەکی زۆر لە ژێر کۆنترۆڵی توندی ئەمنیدا دەمێننەوە، بەوپێیەی بەشێکیان پەیوەندییان بە چەکدارانی داعشەوە هەبووە لە رابردوودا. بەڵام وەک شارەزایانی دۆسیەکە جەختی لێ دەکەنەوە، سەپاندنی سزای بە کۆمەڵ بەسەر منداڵاندا دەرئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.

بۆ ئەوان، کورسییەکانی ئەم پۆلە نوێیانە لە کەمپی ئەلئەمەل تەنها شوێنی فێربوونی پیت و ژمارەکان نین؛ بەڵکو تاکە دەروازەن بۆ دەربازبوون لە چارەنووسێکی نادیار و هەنگاونان بەرەو ژیانێکی ئاسایی لە کۆمەڵگەیەکی ئارامدا.