
لە سیاسەتدا قسەیەکی بەناوبانگ هەیە دەڵێت: دەوڵەتەکان خیانەتیان خۆشدەوێت، بەڵام ڕرقیان لە خائین دەبێتەوە. خیانەت چییە و چۆن دروستدەبێـت؟ ئەو کارانە کامانەن بە خیانەت ئەژماردەکرێن و سەرەئەنجامی خیانەتکاران بە کوێ دەگات؟
خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی بە قورسترین تاوانی سیاسی، یاسایی و ئەخلاقی دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، چونکە زیانەکەی تەنیا بەر تاکێک ناکەوێت، بەڵکو دەبێتە هۆی داڕمانی بەها باڵاکانی کۆمەڵگە، لەدەستدانی سەروەری و قڕکردنی نەتەوەیەک.
خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی چییە؟
لە رووی یاساییەوە:
بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەت، یاخود هاوکاریکردنی دەوڵەت یان لایەنێکی دوژمن لە کاتی شەڕ یان ئاشتیدا، بە مەبەستی رووخاندنی دەسەڵاتی شەرعی، بەزاندنی سنوور، یان تەسلیمکردنی خاکی نیشتمان.
لە رووی نەتەوەیی و ئەخلاقییەوە:
پشتکردنە ناسنامە و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و بوونە کەرەستەی دەستی داگیرکەرە بۆ چەوساندنەوە و کۆنترۆڵکردنی هاوڕەگەز و هاوزمانەکانی خۆی لە پێناو بەرژەوەندییەکی تایبەتیدا.
نموونەکان چین؟
ڤیدکون کیسلینگ لە نەرویج :
ئەو سیاسەتمەدارێکی نەرویجی بوو لە جەنگی دووەمی جیهانیدا. کاتێک ئەڵمانیای نازی هێرشی کردە سەر نەرویج لە ساڵی 1940، کیسلینگ یارمەتیی هیتلەری دا بۆ داگیرکردنی وڵاتەکەی و بووە سەرۆکی حکومەتێکی بووکەڵە و کارتۆنی. ئێستا ناوی -کیسلینگ- لە زۆربەی زمانەکانی جیهاندا وەک هاوواتای (خۆفرۆش و خائین) بەکاردێت.
میر جەعفەر لە هیندستان:
میر فەرماندەی سوپای بەنگالییەکان بوو. لە جەنگی ساڵی 1757 لەگەڵ ئینگلیزەکاندا رێککەوت و لە کاتی شەڕدا فەرمانی بە سوپاکەی دا شەڕ نەکەن. ئەم کارەی بووە هۆی سەرکەوتنی کۆمپانیای رۆژهەڵاتی هیندستان و دەستپێکی داگیرکاریی بەریتانیا بۆ سەر تەواوی هیندستان بۆ ماوەی نزیکەی دوو سەدە.
مارشال فیلیپ پێتان– فەرەنسا:
پاڵەوانی فەرەنسییەکان بوو لە جەنگی جیهانیی یەکەم، بەڵام لە جەنگی جیهانیی دووەمدا کاتێک ئەڵمانیا فەرەنسای داگیر کرد، سەرۆکایەتیی (حکومەتی ڤیشی)ی گرتە دەست کە تەواو لەژێر رکێف و فەرمانی نازییەکاندا بوو و هاوکاری کردن لە راوەدوونانی نەیارانی داگیرکاریی. دوای ئازادکردنی فەرەنسا دادگایی کرا و سزای خیانەتی نیشتمانیی بەسەردا سەپێنرا.
بێنێدیکت ئارنۆڵد –ئەمریکا:
لە دیارترین ژەنەڕاڵەکانی جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر پلەوپایە و پارە، نهێنییە سەربازییەکانی گەیاندە بەریتانییەکان و هەوڵی دا قەڵایەکی ستراتیژی رادەستی ئەوان بکات. تا ئەمڕۆش لە ئەمریکا ناوی ئارنۆڵد وەک هاوواتای خیانەت بەکاردێت.
ئێفیالتێسی تراخیسی– یۆنانی کۆن:
لە شەڕی تێرمۆپیلای لە ساڵی 480 پ.ز، رێگەیەکی شاخاویی نهێنیی نیشانی سوپای فارسییەکان دا تاوەکو لە پشتی سوپای سپارتاییەکان و یۆنانییەکان بدەن، کە بووە هۆی کوژرانی شا لیۆنایدەس و سەربازەکانی.
نموونە لە مێژووی ئیسلامی و ناوچەکە:
ئیبن ئەلعەلقەم – خەلافەتی عەباسی:
ئیبن ئەلعەلقەم دوا وەزیری خەلیفەی عەباسی (موستەعسیم بیلا) بوو لە بەغدا؛ کاتێک مەغۆلەکان هێرشیان هێنا، بە نهێنی نامەی بۆ هۆلاکۆ نارد و دەرگای شاری بۆ مەغۆلەکان کردەوەو بە هیوای ئەوەی خۆی بکرێتە حاکم، بەڵام بووە هۆی رووخانی بەغدا و کۆمەڵکوژیی شارەکە لە ساڵی 1258.
ئەبو رەغال – نیمچەدوورگەی عەرەبی:
ئەبورەغال لە کەلەپووری عەرەبیدا هێمای خیانەتە؛ کاتێک ئەبرەهەی حەبەشی بەرەو مەککە هات بۆ رووخاندنی کەعبە لە (ساڵی فیل) دا، هیچ عەرەبێک ئامادە نەبوو رێگای نیشان بدات، تەنها ئەبو رەغال نەبێت کە بووە رێبەری سوپاکەیان تا گەیشتنە نزیک مەککە.
لە مێژووى کورددا:
لە مێژووی گەلی کورددا، خیانەتی نیشتمانی زۆرجار لە شێوازی هاوکاریکردنی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی دژ بە شۆڕش و بزووتنەوە رزگاریخوازییەکان دەرکەوتووە، وەک:جاشایەتی و چەکدارکردنی هێزی خۆجێیی لە دژی برا و هاوزمانەکانیان. سیخوڕیکردن و ئاشکراکردنی شوێنی پێشمەرگە و سەنگەرەکان، هاوکاریکردنی سوپای دەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لەناوبردنی گوند و شۆڕشگێڕانی وڵاتی خۆیان. لە بەرامبەر پارە یان پلەوپایە.
خیانەت چۆن دروست دەبێت؟
پاڵنەرەکانى خیانەتکردن زۆرن، لێرەدا هەندێک لەوانە دەخەینە روو:
یەکەم: بەدەستهێنانى پارە، ئیمتیازات و پۆست لە لایەن دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانەوە.
دووەم: برینداربوونی پێگەی کەسی (تۆڵەسەندنەوە)، کاتێک کەسێک یان سەرکردەیەک لەناو وڵاتەکەی خۆیدا پەراوێز دەخرێت یان شکست دەهێنێت، بۆ تۆڵەکردنەوە پەنا بۆ دوژمن دەبات تا بە زەبری هێزی دەرەکی پێگەکەی وەربگرێتەوە.
سێیەم: ململانێی تەسکی حیزبایەتی یان عەشیرەتی، کاتێک هێزە سیاسییەکان ململانێی ناوخۆیی لە سەرووی بەرژەوەندیی نیشتمان دادەنێن و پێیان وایە شکستپێهێنانی ڕکابەرە ناوخۆییەکەیان رەوایەتی دەدات بەوەی پەنا بۆ دوژمنی دەرەکی بەرن.
چوارەم: تەڵەی هەواڵگری، دەزگا هەواڵگرییەکان لە رێگەی تۆمارکردنی نهێنی، فەزیحەی ئەخلاقی، یان گەندەڵیی دارایی، کەسایەتییەکان ناچار دەکەن سیخوڕییان بۆ بکەن.
شێوازەکانی خیانەت کامانەن؟
یەکەم: دزەپێکردنی نهێنییە سەربازی، ئەمنی و ئابوورییەکان بۆ دەوڵەتی نەیار.
دووەم: رێنوێنیکردنی هێزی بێگانە بۆ ناو جوگرافیای نیشتمان و دەستنیشانکردنی بنکە و سەنگەرەکانی بەرگری.
سێیەم: تەسلیمکردنی سەرچاوە گرنگەکان (وەک نەوت، بەنداو، و دەروازە سنوورییەکان) بە بیانی، یان دروستکردنی قەیرانی ساختە.
چوارەم: شەڕی دەروونی و چەواشەکاری و کارکردن لە دەزگا میدیاییەکان بۆ رەوایەتیدان بە دەستدرێژیی دوژمن و بێئومێدکردنی خەڵک لە بەرگری و شۆڕش.
سەرئەنجامی خیانەتکاران چییە؟
مێژوو سەلماندوویەتی سەرئەنجامی کەس و لایەنە خۆفرۆشەکان هەمیشە لەیەکەوە نزیکن.
لەناوچوونی جەستەیی یان سزای لەسێدارەدان:
کاتێک گەل یان دەسەڵاتی نیشتمانی سەرکەوت، یەکەم کاریان دادگاییکردن و لەسێدارەدانی خائینانە (وەک لەسێدارەدانی کیسلینگ دوای جەنگ، یان کوشتنی سیخوڕەکان).
نەفرەتی مێژوویی:
ناوەکانیان وەک پەڵەیەکی رەش دەمێنێتەوە و نەوە لە دوای نەوە شەرم لە ناو و ڕەچەڵەکیان دەکرێت.
دابڕان و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی:
تەنانەت ئەگەر رزگاریشیان بێت، بە شەرمەزاری و ترسەوە لە تاراوگە یان ژێر پاراستنی ئەمنیی تونددا دەژین.
دەسەڵاتەکان چۆن لێیان دەڕوانن؟
خاڵی هەرە تراژیدی و وانەبەخش لە پرسی خیانەتدا، تێڕوانینی دەسەڵاتەکانە؛ نەک تەنیا دەسەڵاتی نیشتمانی، بەڵکو تەنانەت ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەشی کە خائینەکە کاری بۆ دەکات:
دەسەڵاتی نیشتمانی (گەلەکەی خۆی):
وەک تاوانبارێکی مەترسیدار و گڵاو سەیری دەکات کە شایەنی هیچ بەزەییەک نییە و سزاکەی تەنیا سێدارە یان زیندانی رستەقینە یان کۆمەڵایەتی هەتاهەتاییە.
دەوڵەتی داگیرکەر یان دوژمن (ئەوانەی کاریان بۆ دەکات):
ئەوان لە رووی تاکتیکییەوە سوودی لێ دەبینن، پارە و چەکی پێدەدەن، بەڵام لە رووی ئەخلاقییەوە قێزیان لێی دەبێتەوە و هەرگیز متمانەی پێناکەن. قسەیەکی بەناوبانگیش هەیە دەڵێت: دەوڵەتەکان خیانەتیان خۆشدەوێت، بەڵام رقیان لە خیانەتکارە.
بەپێی گێڕانەوەیەکی مێژوویی، کاتێک ئەفسەرێکی نەمساوی خیانەتی لە وڵاتەکەی کرد و زانیاریی دا بە ناپلیۆن بۆناپارت، پاش سەرکەوتن داوای کرد دەستی ناپلیۆن ماچ بکات؛ ناپلیۆن پارەکەی بۆ فڕێدا و پێی گوت: ئەمە حەقی زانیارییەکانتە، بەڵام دەستی ئیمپراتۆر بۆ ماچکردنی خائینان دەستنادات.
هەركاتێک کارەکەیان تەواو بوو یان ململانێکە کۆتایی هات، دەیکەنە قوربانی و پاکتاو دەکرێن، لەبەر ئەوەى زانیارییەکانیان بەدەر نەکەوێت.
خیانەتی نیشتمانی بازرگانییەکە کە تێیدا خائین هەموو شتێک دەفرۆشێت و لە کۆتاییدا هیچ شتێک بەدەستناهێنێت؛ نە ررێزی نەتەوەکەی خۆی بۆ دەمێنێتەوە و نە متمانەی ئەو داگیرکەرەی پشتی پێبەستووە. تەنانەت ئەگەر لە ژێر سایەی چەکی بیگانەدا بۆ ماوەیەک بگاتە لوتکەی دەسەڵات یان سامانی زەبەلاح، هەمیشە لە زیندانی ترسی تۆڵە و نەفرەتی گەلدا دەژی. ئەوەی پشت لە گەل و نیشتمانی خۆی بکات، دەبێت باش بزانێت کە هیچ کورسی و پارەیەک ناتوانێت پەڵەی ڕەشی خیانەت لەسەر تەوێڵی خۆی و نەوەکانی پاکبکاتەوە.