جەمال ئەلبەننا برای حەسەن ئەلبەننا؛ ئەو بیرمەندەی نیگەرانیی دروستکرد و ئیخوان هێرشیان کردە سەر

نوسينى : نوران بەدیع – رۆژنامەنووسی سوری

سەرەڕای ئەوەی برای حەسەن ئەلبەننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلمین بوو، رێگەیەکی فکریی سەربەخۆی گرتەبەر و بە توندی بەکارهێنانی ئایینی لە سیاسەت و دەسەڵاتدا ڕەتدەکردەوە؛ پێی وابوو ئەرکی دین رێنوێنیی ئەخلاقی و رۆحییە نەک بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

جەمال ئەلبەننا، برای بچووکی حەسەن ئەلبەننای دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیخوان موسلمین، بە یەکێک لە دیارترین بیرمەندە ئیسلامییەکان دادەنرێت کە رێڕەوێکی جیاوازی لە رەوتە ئیسلامییە نەریتییەکان گرتەبەر. جەمال ئەلبەننا لە ساڵی ۱۹۲۰ لە میسر لەدایک بووە و لە ژینگەیەکی پڕ لە ڕۆحی ئایینی و رۆشنبیریدا گەورە بوو، بەڵام رێگەیەکی فکریی جیاوازی هەڵبژارد؛ بە جۆرێک کە پشتیوانی لە ئیجتیهاد و نوێگەری لە خوێندنەوەی دەقە ئیسلامییەکاندا دەکرد. ئەو بە رەخنەی بنیاتنەرانەی لە چەمکە ئایینییە باوەکان و بانگەوازکردنی بۆ نوێکردنەوەی بیری ئیسلامی ناسرابوو، بە جەختکردنەوە لەسەر بەهاکانی ئازادی و عەقڵانییەت، ئەمەش وای کرد ببێتە کەسایەتییەکی مشتومڕاوی لە ناوەندە هزری و ئایینییەکانی جیهانی ئیسلامیدا.

سەرەڕای ئەوەی سەر بە خێزانێکی دیندار بوو و لە گەنجیدا کەوتە ژێر کاریگەریی فکری حەسەن ئەلبەننا، بەڵام جەمال ئەلبەننا رێگەیەکی فکریی سەربەخۆی بۆ خۆی هەڵبژارد. ئەو پێی وابوو کە دەبێت ئیجتیهاد بەشێک بێت لە بیری ئیسلامی، و ئایین نابێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و زانستیدا. جەمال ئەلبەننا ، بیری رووناکبیریی جیهانی ئیسلامی پەیڕەو دەکرد و ئەو بیرۆکانەی گرتەبەر کە ئازادیی تاک و مافی هەڵبژاردن بەهێز دەکەن؛ هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی رووبەڕووی رەخنەی دامەزراوە ئایینییە نەریتییەکان ببێتەوە کە بیرۆکەکانی ئەویان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر میتۆدی ئایینیی باو دەبینی.

لە رێگەی نووسینەکانییەوە، جەمال ئەلبەننا داوای پێویستیی رزگارکردنی فیقهی ئیسلامی لەو کۆتوبەندانە دەکرد کە فەقیهان بە درێژایی مێژوو سەپاندوویانە، بەو پێیەی هەندێک لە لێکدانەوە کۆنەکان چیتر لەگەڵ واقیعی سەردەمی نوێدا ناگونجێن. ئەو پێی وابوو کە ئایین دەبێت هێزێکی رزگارکەر بێت بۆ مرۆڤ، نەک بگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی.

یەکێک لە گرنگترین بەشدارییە فکرییەکانی جەمال ئەلبەننا، بریتی بوو لە خوێندنەوەی نوێ بۆ دەقە ئیسلامییەکان، بەتایبەت قورئان و سوننەت، لە گۆشەنیگایەکی نوێخوازانەوە. لە کتێبەکەیدا بە ناوی (نحو فقه جديد- بەرەو فیقهێکی نوێ)، داوای تێپەڕاندنی ئەو تەفسیرە نەریتییانەی دەکرد کە لەگەڵ داواکارییەکانی سەردەمدا یەکناگرنەوە، و جەختی لەوە دەکردەوە کە قورئانی پیرۆز بۆ هەموو کات و شوێنێک هاتووە، بۆیە پێویستە بە نەرمی بخوێندرێتەوە تاوەکو لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە هاوچەرخەکاندا بگونجێت.

جەمال ئەلبەننارەخنەگری بیرۆکەی پیرۆزیی رەهای سوننەتی پێغەمبەر بوو؛ پێی وابوو کە سوننەت دەبێت بە وردی بخوێندرێتەوە و شایستەی رەخنەلێگرتن بێت. ئەو باوەڕی وابوو کە هەندێک لە فەرموودەکان دەبێت لە چوارچێوەی مێژوویی خۆیاندا تێبگەین، و نابێت لە هەموو سەردەمێکدا بە شێوەیەکی وشەبەوشە جێبەجێ بکرێن. ئەم روانگەیە وای کرد ببێتە کەسایەتییەکی مشتومڕاوی لە ناوەندە ئایینییەکاندا؛ هەندێک بە نوێخواز و هەندێکی تر بە داهێنەری بیدعە دایاندەنا.

جەمال ئەلبەننا لە دیارترین داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان بوو لە جیهانی ئیسلامیدا. بە پێچەوانەی رەوتی ئیسلامیی نەریتی، پێی وابوو ژن دەبێت لە تەواوی مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی بەهرەمەند بێت، و ئیسلام بۆ ئەوە نەهاتووە ئازادییەکانی بەرتەسک بکاتەوە، بەڵکو هاتووە بۆ ئەوەی بیپارێزێت و مافگەلێکی پێ ببەخشێت کە پێش ئیسلام بوونیان نەبووە.

لە نووسینەکانیدا، رەخنەی لەو لێکدانەوە نەریتییانە دەگرت کە جیاکاریی رەگەزی دەچەسپێنن، و داوای خوێندنەوەیەکی دادپەروەرانەی بۆ دەقە ئایینییەکان دەکرد کە مافی تەواوی ژن لە کۆمەڵگەدا دەستەبەر بکات. پێی وابوو ئەو سیستەمە پیاوسالارییەی بەسەر هەندێک کۆمەڵگەی ئیسلامیدا زاڵە، بەرهەمی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانە نەک فێرکارییە ئیسلامییەکان. بانگەوازی ئەو بۆ رزگارکردنی ژنان، بەشێک بوو لە دیدگا گشتییەکەی بۆ نوێکردنەوەی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و دروستکردنی ژینگەیەک لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری.

سەرەڕای ئەوەی سەر بە خێزانێک بوو کە بە کاری سیاسییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام جەمال ئەلبەننا بە توندی رەتیدەکردەوە ئایین ببێتە ئامرازێکی سیاسی. ئەو پێی وابوو ئیسلام وەک ئایین دەبێت دوور بێت لە ململانێ سیاسییەکان، و رۆڵی دەبێت لە رێنوێنیی رۆحی و ئەخلاقیدا بێت نەک لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. ئەم هەڵوێستە خستییە ململانێ لەگەڵ زۆرێک لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان کە ئیسلامیان وەک سیستەمێکی گشتگیر بۆ حوکمڕانی و سیاسەت دەبینی.

ئەو پێی وابوو بەکارهێنانی ئایین لە سیاسەتدا دەبێتە هۆی شێواندنی وێنەی ئیسلام و دەیخاتە بەر دەستی قۆستنەوە لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە. لەبەر ئەوە، داوای دەکرد ئیسلام هێزێک بێت بۆ گۆڕانکاریی ئیجابی و گەشەپێدانی ئەخلاقی لە کۆمەڵگەدا، نەک هۆکارێک بۆ دەسەڵاتخوازی یان پەراوێزخستن.

جەمال ئەلبەننا لەگەڵ ئەو رەوتە ئیسلامییە نەریتییەی کە گۆڕانکاری و نوێگەری رەتدەکردەوە نەرم نەبوو. لە نوسینەکانیدا رەخنەی توندی لە فەقیهە تەقلیدییەکان دەگرت کە دەست بە لێکدانەوە چەقۆکێش و دەمارگیرەکانی دەقە ئایینییەکانەوە دەگرن، و پێی وابوو ئەوان رێگرن لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان. باوەڕی وابوو کە سڕبوون و چەقبەستوویی فکری لە بیری ئیسلامیدا زیان بە موسڵمانان دەگەیەنێت و ناتوانن بەرەنگاری ئاڵنگارییە هاوچەرخەکان ببنەوە.

جەمال ئەلبەننا پێی وابوو فەقیهە نەریتییەکان مەیلیان بۆ لێکدانەوە تەسکەکان هەیە کە ئازادیی تاک سنووردار دەکات و وای لێدەکات نەتوانێت کارلێک لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بکات. لە بەرامبەردا، باوەڕی وابوو کە پێویستە ئیسلام ئایینێکی کراوە و ئازاد بێت و هاوشانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان هەنگاو بنێت.

جەمال ئەلبەننا هێمای ئەو بیرمەندە ئیسلامییە بوو کە هەوڵی رزگارکردنی عەقڵی ئیسلامی لە کۆت وبەندە نەریتییەکان دەدا و بانگەوازی بۆ ئیجتیهاد و نوێگەری دەکرد. میراتێکی فکریی لەدوای خۆی بەجێهێشت کە هانی گفتوگۆ و رەخنە دەدات، و جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ئیسلام دەبێت هێزێک بێت بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی نەک ئامرازێک بۆ چەقبەستوویی.

سەرەڕای ئەو رەخنانەی لەلایەن هەندێک لە دامەزراوە ئایینییەکان و کۆمەڵی ئیخوان و ئیسلامییەکانەوە بە گشتیرووبەڕووی بووەوە، جەمال ئەلبەننا بە یەکێک لە دیارترین ئەو کەسایەتییانە دادەنرێت کە بەرگرییان لە مافەکانی تاک و ئازادیی بیرکردنەوە لە جیهانی ئیسلامیدا کرد. دیدگای چاکسازیخوازیی ئەو، بەشێکە لە رێڕەوێکی دوورودرێژ کە هەوڵی رزگارکردنی ئایین لە کۆتوبەندە نەریتییەکان دەدات، تا بیکاتە هێزێک بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، نەک بەربەستێک لە بەردەم پێشکەوتنیاندا.