
د. غالب محەممەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر رەوتی هەڵوێست، رایگەیاند لەگەڵ ئەحمەد حاجی رەشید و د. باسم ئەلغرابی سەردانی بانکی ناوەندی عێراقیان کردووە و چەند بابەتێکی پەیوەست بە دۆلار و کاریگەرییەکانی گۆڕینی نرخەکەی لەسەر هاووڵاتیان تاوتوێ کراوە.
غالب محەممەد لە پۆستێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسی کاریگەریی گۆڕینی نرخی دۆلار لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کراوە، بە تایبەتی ئەو کەسانەی بۆ گەشت، خوێندن و چارەسەری پزیشکی پێویستیان بە دۆلارە.
بەپێی وتەکانی د.غالب محەممەد، بانکی ناوەندی روونی کردووەتەوە کە چەندین جار لەو بارەیەوە نامە و نووسراوی بۆ وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێم ناردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی پێویستی وەرنەگرتووە.
هەروەها ئاماژەشی بەوە کردووە کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو نووسراوانە بڵاو بکرێنەوە، “بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی لایەنەکان روون بکرێتەوە”.
سەبارەت بە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەو پرۆژانەی خانووبەرە کە بە قیست بە هاووڵاتیان فرۆشراون، د.غالب محەممەد دەڵێت بانکی ناوەندی رایگەیاندووە نووسراوی پێویستی بۆ هەرێم ناردووە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندی باسی هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ و دابینکردنی دۆلاری زیاتر کردووە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشار لەسەر بازاڕ.
هەروەها د.غالب محەممەد ئاشکرای کرد، نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار بۆ بواری عەقارات و 1.5 ملیار دۆلار بۆ بانکی ئیسکان تەرخان کراوە، بۆ قەرزی خانوو و پشتگیریی هاووڵاتیان.
جەختیشی کردووەتەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فیدراڵییەکان هەماهەنگی بکەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمیش لەو پڕۆگرامانە سوودمەند بن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕینی نرخی دۆلار کەم بکرێتەوە.