
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لە چەند کەناڵ و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرابوونەوە و دەیانگوت سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی گەیشتووەتە وەزارەتەکە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند: هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی پێشمەرگە لێدوانی لەم بارەیەوە نەداوە و ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە.
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە تا ئێستا هیچ جۆرە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی نەگەیشتووەتە دەستی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەم رەتکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە بابەتی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییە ئەمنییەکان.
وەزارەتی پێشمەرگە لە 28ی ئەیلوولی 2026دا پێشتر ئاگاداری دابوو کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، بەبێ جێهێشتنی سیستەمێکی جێگرەوەی بەرگریی ئاسمانی، جێگەی نیگەرانییە. بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی وەزارەت، هەرێمی کوردستان لە ماوەی ململانێی ئەمریکا و ئێراندا بە زیاتر لە هەزار درۆن و مووشەکی بالیستیکی کراوەتە ئامانج و هەندێک لە هێرشەکانیش زیانی گیانی و ماددییان لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسمانی عێراق و بەرپرسیارێتی پاراستنی لە هەڕەشە ئاسمانییەکان، بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵیی عێراقدایە.
لە هەمان کاتدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی رابردوودا داوای لە بەغدا کردووە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێم دابین بکرێت، بە تایبەتی لە دوای زیادبوونی هەڕەشەی درۆن و مووشەک لە ناوچەکەدا.