
دۆلاری ئەمریکی شادەماری سیستەمی دارایی جیهان و گەورەترین ئامرازی هێزی نەرمی ئەمریکایە، ئەم پێگەی بەهێزە دەرەنجامی رێککەوتنە مێژووییەکان، قەبارەی گەورەی ئابووری ئەمریکا، و کۆنترۆڵکردنی بازاڕی وزە و بازرگانی نێودەوڵەتییە، کە وایکردووە جیهان نەتوانێت بە ئاسانی خۆی لە ژێر باڵی ئەم دراوە رزگار بکات، لێرەدا گرنگترین ئەو هۆکارانە بخەینە روو.
تەوەرەی یەکەم: سیستەمی برێتۆن وودز وەک بنەمایەک بۆ هەژموونی دۆلار
پێگەی باڵای ئێستای دۆلار لە بۆشاییەوە دروست نەبووە، بەڵکو دەرەنجامی مێژوویەکی سیاسی و ئابووری جیهانییە، کاتێک کە جیهان لە ژێر داروپەردووی جەنگی جیهانی دووەمدا دەناڵاند، تەواوی ئەوروپا بەهۆی ئاسەوارەکانی جەنگەوە وێران ببوو، ئابورییەکەیان داڕما بوو، لەم جەنگەدا ئەمریکا بە کەمترین زیانی فیزیکی و بە گەورەترین یەدەگی زێڕی جیهانییەوە لەو جەنگە هاتە دەرەوە، ئەمەش زەمینەیەکی گونجاوی بۆ سەرکردایەتیکردنی دارایی جیهان بۆ رەخساند.
لە ساڵی 1944دا و پێش کۆتایی هاتنی جەنگ، نوێنەرانی 44 وڵاتی هاوپەیمان لە ناوچەی (برێتۆن وودز) لە ویلایەتی نیوهامشایر کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی سیستەمێکی دارایی نوێ بۆ قۆناغی دوای جەنگ، لەم کۆبوونەوە مێژووییەدا بڕیار درا کە دۆلاری ئەمریکی ببێتە دراوی سەرەکی یەدەگی جیهانی و بەهای هەموو دراوەکانی دیکە بە دۆلارەوە ببەسترێتەوە، لە بەرامبەردا ئەمریکا پابەندبوو بەوەی کە دۆلار بە زێڕ بداتەوە بە نرخی 35 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ، بەم شێوەیە دۆلار بووە جێگرەوەی فەرمی زێڕ لە جیهاندا.
ئەم هاوکێشەیە تا ساڵی 1971 بەردەوام بوو، کاتێک ئەمریکا بەهۆی تێچووی زۆری جەنگی ڤێتنام و خەرجییە ناوخۆییەکانەوە، هەروەها زیادبوونی قەبارەی بازرگانی جیهانی بە دۆلار ، وایکرد هیچیتر ئەمریکا نەتوانێت بەرانبەر بە هەر 35 دۆلارێک، مسقاڵێک زێڕ دابین بکات، بۆیە ئەمریکا پەیوەستکردنی دۆلاری بە زێڕەوە کۆتایی پێهێن، لە رووداوێکدا کە بە “شۆکی نیوکسۆن” دەناسرێت، سەرۆک ریچارد نیوکسۆن بە تاکلایەنە گۆڕینەوەی دۆلاری بە زێڕ راگرت، ئەم گۆڕانکارییە دراوی دۆلاری گۆڕی بۆ دراوێکی متمانەیی (Fiat Money) کە تەنها پشت بە هێزی ئابووری و متمانەی سیاسی ئەمریکا دەبەستێت، بەڵام سەرەڕای تێکچوونی سیستەمەکەش، دۆلار پێگەی خۆی وەک دراوی یەکەمی جیهان هەر پاراست.
تەوەرەی دووەم؛ سەردەمی پێترۆدۆلار قۆناخێکی دیکەی هەژموونی دۆلار
دوای نەمانی پەیوەندی نێوان دۆلار و زێڕ، ئەمریکا پێویستی بە ستراتیژێکی نوێ بوو بۆ پاراستنی خواست لەسەر دراوەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لێرەوە بیرۆکەی بەستنەوەی دۆلار بە گرنگترین شتوومەکی جیهانییەوە هات کە ئەویش نەوت بوو، وزە شادەماری پیشەسازی و گەشەی ئابووری هەموو وڵاتێکە، و کۆنترۆڵکردنی شێوازی کڕین و فرۆشتنی ئەم سامانە دەبووە گرەنتی مانەوەی دۆلار لە لوتکەدا.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا و دوای قەیرانی وزەی ساڵی 1973، ئیدارەی ئەمریکا زنجیرەیەک دانوستانی نهێنی و گرنگی لەگەڵ شانشینی سعودیە ئەنجام دا کە گەورەترین هەناردەکاری نەوت بوو لە رێکخراوی ئۆپێک (OPEC). لە ساڵی 1974دا رێککەوتنێکی مێژوویی واژۆکرا کە تێیدا ئەمریکا بەڵێنی پاراستنی سەربازی و پڕچەککردنی بە سعودیە دا، لە بەرامبەردا سعودیە پابەند بوو بەوەی کە سەرجەم مامەڵەکانی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی تەنها و تەنها بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجام بدات.
ئەم رێککەوتنە لە ماوەیەکی کورتدا گشتگیر بوو و تەواوی وڵاتانی ئۆپێک پەیڕەوییان لێکرد، کە دواتر بە سیستەمی (پێترۆدۆلار) ناسرا، دەرەنجامی ئەم کارە ئەوە بوو کە هەر وڵاتێک لە جیهاندا، جا لە ئەوروپا بێت یان لە ئاسیا، ئەگەر بیەوێت نەوت بکڕێت، ناچارە سەرەتا دراوی نیشتمانی خۆی بگۆڕێتەوە بە دۆلار، ئەمەش خواستێکی هەمیشەیی و بێبڕانەوەی لەسەر دۆلار دروستکرد و وڵاتانی ناچارکرد یەدەگێکی گەورەی دۆلار لە بانکە ناوەندییەکانیاندا پاشەکەوت بکەن.
تەوەرەی سێیەم؛ دۆلار بە زمانی ژمارە و داتاکان
بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی راستەقینەی ئەم هەژموونە، پێویستە سەیری داتا فەرمییەکانی سندوقی نێودەوڵەتی پارە بکەین کە بە شێوەیەکی روون باڵادەستی ئەم دراوە نیشان دەدەن، بەپێی نوێترین ئامارەکان، نزیکەی 58% بۆ 60%ی تەواوی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکە ناوەندییەکانی سەرانسەری جیهاندا بە دۆلاری ئەمریکی پاشەکەوتکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دراوی “یۆرۆ” وەک رکابەری یەکەم تەنها نزیکەی 20%ی یەدەگی جیهانی پێکدەهێنێت و دراوەکانی دیکەی وەک یەنی ژاپۆنی و یوانی چینی لە ژمارەیەکی کەمدا دەسووڕێنەوە.
جگە لە پرسی یەدەگی نەختی، دۆلار بەتەواوی کۆنترۆڵی جومگەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی کردووە و رۆژانە قەبارەیەکی خەیاڵی مامەڵەی پێوە دەکرێت. پتر لە 85% بۆ 90%ی سەرجەم ئاڵوگۆڕە دارایی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان و کڕین و فرۆشتنی شتوومەکە بنەڕەتییەکان لە جیهاندا دۆلاری تیایدا بەکاردێت.
مایەی سەرنجە کە دۆخەکە تەنها لە بازرگانیدا ناوەستێت، بەڵکو بازاڕی قەرزی نێودەوڵەتیش بە تەواوی لەژێر رەحمەتی دۆلاردایە، زیاتر لە 60%ی قەرزە نێودەوڵەتییەکانی دەرەوەی سنووری ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دۆلار نووسراونەتەوە، ئەم دۆخەش وڵاتانی قەرزار و گەشەسەندوو ناچار دەکات کە بەردەوام بەدوای پەیداکردنی دۆلاردا بگەڕێن بۆ دانەوەی قیست و سوودی قەرزەکانیان، ئەمەش وا دەکات کاتێک بانکی ناوەندی ئەمریکا سوودی بانکی بەرز دەکاتەوە، کێشەی دارایی گەورە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان دروست ببێت.
تەوەرەی چوارەم؛ سیستەمی سوێفت و کۆنترۆلی گواستنەوەی پارە
ئەمریکا تەنها لە رێگەی بازاڕی ئازاد و خواست و خستنەڕووەوە کۆنترۆڵی دراوەکەی نەکردووە، بەڵکو ژێرخانی گواستنەوە و پەیوەندییە داراییەکانی جیهانیشی لە بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە، کلیل و شادەماری ئەم پرۆسەیەش سیستەمی “سوێفت” (SWIFT)ە کە بنکەکەی لە بەلجیکایە و وەک تۆڕێکی نامەگۆڕینەوەی پارێزراو لە نێوان زیاتر لە 11 هەزار دامەزراوەی دارایی و بانک لە جیهاندا کاردەکات بۆ گواستنەوەی پارە.
هەرچەندە لە رووی یاساییەوە سیستەمی سوێفت دەستەیەک و هاوبەشییەکی نێودەوڵەتییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆربەی مامەڵە داراییە گەورەکان پێویستیان بە تێپەڕبوون بە بانكەکانی نیویۆرکدا هەیە بۆ پاکتاوکردنی دۆلار، ئەمریکا دەسەڵاتێکی جیۆپۆلیتیکی بەرفراوانی بەسەر ئەم تۆڕەدا هەیە. ئەم باڵادەستییە رێگە بە واشنتن دەدات کە چاودێری جووڵەی سەرمایەی جیهانی بکات و زانیاری وردی لەسەر گواستنەوە داراییە گەورەکان هەبێت.
لەم سۆنگەیەوە، دۆلاری ئەمریکی و سیستەمی دارایی بوونەتە کاریگەرترین چەکی ئابووری ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتەکانیان لەگەڵ واشنتۆن ناگونجێت. کاتێک ئەمریکا بڕیار دەدات وڵاتێک (وەک ئێران یان رووسیا) لە سیستەمی دۆلار یان تۆڕی سوێفت داببڕێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و خێرا ئەو وڵاتە توانای بازرگانیکردنی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان لەدەستدەدات، چونکە بانکە نێودەوڵەتییەکان لە ترسی سزاکانی ئەمریکا ئامادە نین مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
هەژموونی دۆلار و ئاسۆی داهاتوو
هەژموونی دۆلار بۆ ماوەی چەندین دەیە وەک تارماییەک بەسەر ئابووری جیهاندا ماوەتەوە و هێزێکی بێوێنەی بە ئەمریکا بەخشیوە، ئەمریکا هەژموونی دارایی و سیاسی تێکەڵاو کردوە و بەهۆی دۆلار و سیستمی دارایی جیهانییەوە هێزی سیاسی خۆی بەهێز کردوە و بەهۆی هێزی سیاسی و سەربازیشییەوە درێژەی بە پاراستنی هەژموونی دۆلار داوە. بەڵام نارەزایەتییەکی بەرفراوان هەیە هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کوتلە و گرووپی نێودەوڵەتی دروست بوە دژی ئەم هەژموونەی ئەمریکا و بەکارهێنانی سیستیمی دارایی جیهانی دژی وڵاتانی نەیار ، لە ئێستادا، هاوپەیمانییەکانی وەک “بریکس” (BRICS) کە وڵاتانی وەک چین، رووسیا، هیندستان و بەڕازیل لەخۆدەگرێت، بە شێوەیەکی کرداری هەوڵی پەراوێزخستنی دۆلار دەدەن، ئەمەش لە رێگەی ئەنجامدانی بازرگانی بە دراوە نیشتمانییەکانی خۆیان یان گەڕان بەدوای دراوێکی هاوبەشدا، سەرەڕای ئەم هەوڵانە، شارەزایانی ئابووری پێیان وایە بەهۆی نەبوونی بەدیلێکی جێگیر و کراوە کە خاوەنی هەمان قەبارەی بازاڕ و شەفافیەت و متمانەی سیستەمی یاسایی ئەمریکا بێت، دۆلار بۆ ماوەیەکی درێژ وەک پاشای بێڕکابەری ئابووری جیهان دەمێنێتەوە و پرۆسەی گۆڕینی سیستەمەکە چەندین دەیەی پێویست دەبێت.