جاشایەتی؛ لە سوارەى حەمیدیەوە تا ئەنفالەکانى کوردستان

چەمک و دەستەواژەى (جاش) لە فەرهەنگی سیاسیدا وەک دەستەواژەیەکی سووکایەتیپێکردن بەکارھاتووە بۆ پێناسەکردنی ئەو کەس، سەرۆک عەشیرەت، یان چەکدارە کوردانەی کە چەکی دەوڵەتە سەردەستەکانیان هەڵگرتووە و بوونەتە کەرەستەی سەربازیی و هەواڵگری دژی بزووتنەوەی رزگاریخوازی و شۆڕشەکانی گەلەکەی خۆیان.

رەگی ئەم دیاردەیە بۆ سەدەی نۆزدەیەم و سیاسەتی – پەرتکە و زاڵبە- ی ئیمپراتۆریەتەکانى وەک ئینگلیز و داگیرکەرەکانى تر دەگەڕێتەوە، بەڵام لە سەردەمی دەوڵەتە نەتەوەییە مۆدێرنەکاندا بە فەرمی بوو بە هێزی میلیشیایی.

باشووری کوردستان:

سەرهەڵدانی زاراوەکە:

لە سەردەمی عەبدولسەلام عارف و کودەتای بەعسییەکان لە دژی عەبدولکەریم قاسم، حکومەتی بەغدا بە فەرمی میلیشیای کوردی دروستکرد بۆ شەڕ دژی شۆڕشی ئەیلوول لە ژێر ناوی (فرسان- سوارە). سەرکردایەتیی شۆڕش (بەتایبەت مەلا مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد لە رۆژنامەی خەبات) ناوی ئەم هێزانەیان نا جاش، لەو کاتەوە بوو بە زاراوەیەکی باو.

قۆناغی شەڕی ئێران-عێراق و شاڵاوەکانی ئەنفال (١٩٨٠ – ١٩٨٨):

رژێمی بەعس لە سەردەمی سەدام حوسێن سیستمی (فەوجە خەفیفەکان- افواج الخفیفە) و مەفرەزە تایبەتەکانی دامەزراند. لەم قۆناغەدا ژمارەی چەکدارە جاشەکان گەیشتە نزیکەى ٢٥٠ هەزار چەکدار بە سەرۆکایەتیی زیاتر لە ٣٠٠ (موستەشارو سەرۆک جاش). ئەم هێزانە بەشداریی سەرەکییان کرد لە شەڕی دژ بە پێشمەرگە، چاوساغیکردن بۆ رژێم، و وێرانکردنی گوندەکان و دەستگیرکردنی خەڵک لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا.

باکووری کوردستان:

لە باکوور، دەوڵەتی عوسمانی و دواتریش کۆماریی تورکیا پشتیان بە هۆزە کوردییەکان دەبەست و لەم نموونانەدا بەرجەستە دەبن:

سوارەی حەمیدییە :

 سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم هێزێکی سەربازیی لە هۆزە سوننەکانی باکووری کوردستان دروستکرد. ئەوان چەکدار کران بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی ئەرمەنییەکان و رێگریکردن لە رووسیا و پەراوێزخستنی هۆزە نەیارەکانی کورد (بەتایبەت کوردی عەلەوی و ئێزیدی). ئیبراهیم پاشای میلی و چەندین سەرۆک‌هۆزی دیکە فەرماندەی ئەم هێزانە بوون.

لە تورکیا بە جاش دەگوترێت (قوروچوو).

پاسەوانی گوندەکان :

لەدوای دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە لە ساڵی١٩٨٥)، دەوڵەتی تورکیا لە سەردەمی تورگوت ئۆزال بە فەرمی یاسای پاسەوانی گوندەکانی دەرکرد. دەوڵەت چەک و مووچەی دەدا بە سەرۆک‌هۆزەکان تا دژی پەکەکە شەڕ بکەن. ژمارەیان گەیشتە دەیان هەزار چەکدار.

رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)

لە رۆژهەڵات لە هەردوو سەردەمی پەهلەوی و کۆماریی ئیسلامیدا میلیشیای ناوخۆیی لە کوردەکان دروستکران:

سەردەمی قاجار و پەهلەوی:

لە کاتی راپەڕینی سمکۆی شکاک و پاشان کۆماری مەهاباد، تاران بەردەوام هۆزە دژبەرەکانی وەک مەنگوڕ، مەمەش و شکاکی دژی یەکتر چەکدار دەکرد تا کۆنتڕۆڵیان بکات.

پێشمەرگەی موسڵمانی کورد :

 دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دەستپێکردنی شەڕی رۆژهەڵات لە دژی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، سوپای پاسداران (بە ئەندازیاریی محەممەد بڕۆجێردی) هێزێکی لە کوردە نەیارەکانی شۆڕش پێکبهێنا لە ژێر ناوی -پێشمەرگەی موسڵمانی کورد (کە لەناو شەقامدا بە جاش ناودەبران) بۆ شارەزایی مەیدانی و ناسینەوەی پێشمەرگە و کۆنترۆڵکردنی شارەکان و لە جەنگی عێراق و ئێراندا رۆڵی گەورەیان هەبووە لە سەر سنوورەکان و ناوخۆی شارە کوردستانییەکان و تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر هەن.

رۆژئاوای کوردستان :

لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی بێبەشکردنی کورد لە مافی هاووڵاتیبوون، دیاردەکە لەسەر ئاستی بەرفراوان وەک باشوور نەبوو، بەڵام چەندین فۆرمی وەرگرت:

سەردەمی بەعس (شەبیحە و ئەمن):

 هەندێک سەرۆک عەشیرەت و دەستکێشی ئەمنی بوونە سیخوڕی دەزگا هەواڵگرییەکانی سووریا (مخابرات) لە دژی چالاکوانانی کورد.

قۆناغی دوای ٢٠١١ و ئۆپۆزیسیۆنی سەر بە تورکیا:

لە کاتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی، چەند گرووپێکی کوردی لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیی سووریا (SNA)ی سەر بە تورکیا دروست بوون (وەک کەتیبەکانی ئەحفادی سەلاحەدین و ئەندامانی پێشووی گرووپە ئیسلامییەکان) کە بوونە چاوساغی سوپای تورکیا بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردییەکان و لە لایەن هێزەکانی ڕۆژئاواوە (هەسەدە و خەڵکی ناوچەکە) بە هاوشێوەی جاش و کرێگرتە ناودەبرێن.

هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئەم دیاردەیە:

کێشە و رقەبەریی عەشیرەتی:

زۆرجار ناکۆکیی دوو عەشیرەت لەسەر زەویوزار و دەسەڵات وا لە لایەنێکیان دەکات بۆ شکاندنی ئەوی تر پەنا بۆ دەوڵەت ببات.

هەژاری و دەستکەوتی دارایی:

مووچە، ئۆتۆمبێل، دەسەڵات و بارمتەگرتن کە دەوڵەت وەک ئیمتیازات دەیبەخشییە سەرۆک جاشەکان.

نەبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی:

باڵادەستبوونی بیری خێڵەکی بەسەر ئینتیمای نەتەوەییدا، کە تێیدا فەرمانی سەرۆک‌هۆز لە سەرووی بەرژەوەندیی گشتی بووە.

سیاسەتی دوژمن (پەرتکە و زاڵبە):

بەکارهێنانی کورد بە دەستی کورد، هەم تێچووی سەربازیی دەوڵەتانی کەم کردوەتەوە، هەم شەڕەکەی لە داگیرکارییەوە گۆڕیوە بۆ شەڕی ناوخۆیی.

ماوەتەوە بگوترێت: مەترسیی هەرە گەورە لەسەر کۆمەڵگە لە سەنگەرەکانی شەڕەوە دەست پێناکات، بەڵکو لەو بێدەنگی و سستییەوە دەست پێدەکات کە وردە وردە ویژدان و ژیریی نەوەکانمان دەدزێت. پاراستنی نیشتمان تەنیا بە چەکداری سەر سنوورەکان ناکرێت، بەڵکو بە پاراستنی داهاتووی رۆڵەکان دەکرێت لەنێو شار و شەقام و کۆڵان و خێزانەکاندا دەکرێت، کە ویژدانی خۆیان لەبەرامبەر دەستکەوتێکی بچووکدا لەدەست نەدەن.

ئەم ئامادەباشییە یەک رۆژ پێش سێیەمین ساڵیادی هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دێت، هێرشێک بە سەرکردایەتی حەماس کە بەپێی ژمارە فەرمییەکانی ئیسرائیل نزیکەی ١٢٠٠ کەسی تێدا کوژران و ٢٥١ کەس بۆ غەززە رفێنران.

لە ئێستادا ئاگربەستێک کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە دەستی پێکردووە، شەڕی بەرفراوانی غەززەی وەستاندووە، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بە تەواوی نەوەستاون. ئیسرائیل حەماس بە خۆئامادەکردنەوە و پلان بۆ هێرش تۆمەتبار دەکات، لە بەرامبەردا حەماس ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.