
شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ سەردانی بەغدا دەکات، بۆ گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧.
بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، شاندەکە لە بەرپرسانی باڵای حکومەت و وەزارەتەکانی دارایی، سامانە سروشتییەکان و پێشمەرگە پێکهاتووە و کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ئەنجام دەدات.
گفتوگۆکان مووچە و شایستەکانی مووچەخۆران، پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش، خانەنشینان، زیندانییانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، هەروەها پلە و پۆستی وەزیفی، خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
حکومەتی هەرێم دەڵێت پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی لەبەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و بۆ ساڵی ٢٠٢٧یش بەردەوام دەبێت، بەجۆرێک هیچ بەهانەیەک بۆ دواخستن، راگرتن یان کەمکردنەوەی شایستە دارایییەکانی هەرێم نەمێنێتەوە.
شاندەکە داوا دەکات لە بودجەی ٢٠٢٧دا مووچە و مافە دارایییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی روون و یاسایی جێگیر و پارێزراو بن و بە پێوەری “خەرجییە ڕاستەقینەکان” یان کۆتوبەندی دیکەوە نەبەسترێنەوە کە ببێتە هۆی دواخستن یان راگرتنیان.
هەروەها داوا دەکرێت میکانیزمێکی جێگیر لە بودجەی فیدراڵیدا دابنرێت بۆ ناردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم، بەجۆرێک مووچەخۆرانی هەرێم لە رووی مافە دارایییەکانەوە هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بن.