
لە راپۆرتێکی مەزن و لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا کە لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لەلایەن (ICIJ) کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسانی بنکۆڵکارییەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵگەنامەکانی پاندۆرا (Pandora Papers) پەردەیان لەسەر یەکێک لە گەورەترین تۆڕەکانی شاردنەوەی سامان و خۆدزینەوە لە باج لە مێژوودا هەڵماڵیوە. دۆسیەکە ناوی زیاتر لە 330 سیاسەتمەدار و بەرپرسی باڵای لە 90 وڵاتی جیهاندا لەخۆگرتووە؛ لەوانەش 35 سەرکردەی ئێستا و پێشووی دەوڵەتان و کەسایەتییە ناودارەکانی وەرزش و هونەر.
سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی
شا عەبدوڵڵای دووەم (پادشای ئوردن): بەپێی بەڵگەنامەکان، لە رێگەی کۆمپانیا ئۆفشورەکانەوە لە کالیفۆرنیا، واشنتۆن و لەندەن، زیاتر لە 14 کۆشکی شاهانەی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار کڕیوە.
شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم (حاکمی دوبەی): لە رێگەی هەمان سیستەمەوە، خاوەندارێتیی چەندین موڵکی گرانبەهای لە ئەورووپا شاریوەتەوە.
ناوی نەجیب میقاتی (سەرۆک وەزیران) و ریاز سەلامە (پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی لوبنان) لەپاڵ گومانی سپیکردنەوەی پارە و دەربازکردنی سەرمایەدان.
هەروەها ناوی عەبدوڵڵا حەمدۆک، سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوودان، لەو تۆمارانەدا هاتبوو.
زلهێزەکان و سەرکردەکانی ئەورووپا و جیهان
رووسیا و ڤلادیمێر پۆتین: بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی تۆڕی نزیکەکانیەوە، سامان و موڵکی گەورە (وەک کۆشکێک لە مۆناکۆ) لە رێگەی کۆمپانیا وەهمییەکانەوە کڕدراوە.
ڤلۆدیمێر زێلینسکی (سەرۆکی ئۆکراینا): پێش هەڵبژاردنی لە ساڵی 2019، خاوەنی تۆڕێکی ئاڵۆزی کۆمپانیا ئۆفشورییەکان بووە لە بەریتانیا ڤێرجین، قوبرس و بەلیز.
تۆنی بلێر (سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا): لە کاتی کڕینی بینایەکی نوسینگە بەهای 8.8 ملیۆن دۆلار لە لەندەن، بە کڕینی کۆمپانیایەکی ئۆفشوور خۆی لە پێدانی زیاتر لە 400 هەزار دۆلار باجی خانووبەرە دزیوەتەوە.
سەرکردەکانی تری جیهان: لەوانە ئیلهام عەلیێڤ لە ئازەربایجان کە بە نهێنی دەیان تەلاری بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ خێزانەکەی کڕیبوو (لەوانەش موڵکێک بۆ کوڕە 11 ساڵانەکەی)، و ئاندرێ بابیشی سەرۆک وەزیرانی پێشووی کۆماری چیک.
ئەستێرەکانی وەرزش، هونەر و سەکۆ جیهانییەکان
سیستەمی ئۆفشۆر تەنها بۆ سیاسەتمەداران نەبووە، بەڵکو ناوە دیارەکانیش بەشدار بوون:
شاکیرا: گۆرانیبێژی ناسراو، چەندین کۆمپانیای وەهمی لە دوورگەکانی بەریتانیا ڤێرجین بۆ هەڵگرتنی سەرمایە و مافی بەرهەمە هونەرییەکانی بەکارهێنابوو.
پێپ گواردیۆلا: راهێنەری تۆپی پێ، خاوەنی هەژماری بانکیی نهێنی بووە لە ئەندۆرا.
خولیو ئیگلیسیاس (گۆرانیبێژ) و کلاودیا شیفەر (نمایشکاری جلوبەرگ) لە دیارترین ئەو کەسایەتییە هونەرییانە بوون کە ناوەکانیان بۆ پاراستنی سامانەکەیان لە بەڵگەنامەکاندا تۆمار کرابوو.
لە تورکیا گرووپی کۆمپانیاکانی جەنگیز و محەمەد جەنگیزى بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، خێزانی دەمیرۆرە خاوەنی کۆمەڵە میدیایی و بازرگانییە گەورەکانی تورکیا، خێزانی ئەرمان یڵیچاک ، سەرۆکی کۆمپانیای رۆنساس هۆڵدینگ لە رێگەی دایکیەوە (عایشە یڵیچاک) و چەند کۆمپانیایەکی ئۆفشۆر لە سویسرا و دوورگەکانی ڤێرجین، سامانێکی زەبەلاحیان لە چاوی یاسا و باج شاردوەتەوە.
كێ ناڵێت له عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە ناوی بەشێک لەو کۆمپانیا بیانییە هاوبەشانەی گرێبەستی گەورەیان لەگەڵ حکومەتدا هەیە، لە پشت پەردەی لقی ئۆفشۆر خۆیان حهشارداوه.
بە کورتى دۆسیەی پاندۆرا جارێکی تر رووناکی خستە سەر ئەو راستییەی کە چۆن “ئیمپراتۆریەتە شاراوەکەی ئۆفشۆر” بووەتە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندانی جیهان تاوەکو لە کاتێکدا هاووڵاتییان باجی قورس دەدەن، ئەوان ملیۆنەها دۆلار لە چاوی یاسا دەشارنەوە.