یسرائیل کاتز: زانیاریمان هەیە حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر هێرش بکات

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپا داوە ئاستی ئامادەباشیی هێزەکانی لە کەرتی غەززە بەرز بکاتەوە، دوای ئەوەی بەوتەی ئەو، زانیاریی هەواڵگری لەبارەی ئەگەری هێرشی حەماس لە سێیەمین ساڵیادی هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بەدەست گەیشتووە.

نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە ٦ی تشرینی یەکەم رایگەیاند، ئەو بڕیارە “لەبەر زانیاریی هەواڵگری لەبارەی نیازی حەماس بۆ هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرش و کردەوەی تیرۆریستی دژی هێزەکانی ئێمە لە غەززە لەو رۆژەدا” دراوە.

کاتز وتوویەتی: “سوپای ئیسرائیل دەبێت بۆ خراپترین سیناریۆکان ئامادە بێت”، هەروەها داوای کردووە لە بەرامبەر هەر زانیاری یان ئاگادارکردنەوەیەکدا، هەنگاوی توند بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک بگیرێتەبەر.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەشی کردووە، ئەگەر زیان بە هێزە ئیسرائیلییەکان لە غەززە بگات، “حەماس و دانیشتووانی غەززە نرخێکی زۆر قورس و بە شێوەیەکی زۆر نایەکسان دەدەن.”

ئەم ئامادەباشییە یەک رۆژ پێش سێیەمین ساڵیادی هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دێت، هێرشێک بە سەرکردایەتی حەماس کە بەپێی ژمارە فەرمییەکانی ئیسرائیل نزیکەی ١٢٠٠ کەسی تێدا کوژران و ٢٥١ کەس بۆ غەززە رفێنران.

لە ئێستادا ئاگربەستێک کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە دەستی پێکردووە، شەڕی بەرفراوانی غەززەی وەستاندووە، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بە تەواوی نەوەستاون. ئیسرائیل حەماس بە خۆئامادەکردنەوە و پلان بۆ هێرش تۆمەتبار دەکات، لە بەرامبەردا حەماس ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.