د.غالب محەممەد: داوام لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لێکۆڵینەوە لە بڕینەوەی دارەکانی پارێزگای دهۆک بکات

د. غالب محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر رەوتی هەڵوێست، داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت بۆ بەدواداچوونی پرسی بڕینەوەی دارستانەکان لە پارێزگای دهۆک و گواستنەوەی دارەکان بۆ تورکیا.

د. غالب محەممەد رایگەیاند، بە نووسراوێکی فەرمی داوای کردووە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە راپۆرتێکی ورد ئاشکرا بکرێت، لایەنە کەمتەرخەمەکان دیاری بکرێن و رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.

لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا کە دەست فۆر نیوز کەوتووە، هاتووە کە بەپێی بەدواداچوونەکان، پرۆسەی بڕینەوەی دارستانەکان لە دهۆک بەردەوامە و نووسراوەکە هێزەکانی تورکیا بە ئەنجامدانی ئەو کارە دەزانێت.

هەروەها لە نووسراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بڕێکی زۆر دار بە بارهەڵگری گەورە دەگوێزرێتەوە و زانیارییەکان ئاماژە بە گواستنەوەی رۆژانەی نزیکەی ١٠٠ بارهەڵگری پڕ لە دار دەکەن.

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق هۆشداری داوە کە بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە زیانی گەورەی ژینگەیی و ئابووری بە سامانی سروشتی و رووبەری سەوزایی ناوچەکە دەگەیەنێت و پێچەوانەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکانە.

لە نووسراوەکەدا هەروەها رەخنە لە وەزارەتەکانی دەرەوە و ژینگەی عێراق گیراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە تا ئێستا هەڵوێستێکیان لەبارەی ئەم پرسەوە رانەگەیاندووە.

غالب محەممەد داوای کردووە، لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا میکانیزمێکی روون بۆ راگرتنی بڕینەوە و گواستنەوەی دارەکان دابنرێت و هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ژینگە و سامانی سروشتی پارێزگای دهۆک بگیرێتەبەر.