
لە زانستی دارایی و ئابووریی هاوچەرخدا، لێخۆشبوونی باج و گومرگ یەکێکە لە گرنگترین هاندەرە فەرمییەکان بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و رەخساندنی هەلی کار، لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەت بە ویستی خۆی دەستبەرداری بەشێک لە شایستە داراییەکانی دەبێت لە پێناو بەدەستهێنانی قازانجێکی گەورەتری گشتی، لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی یاسای وەبەرهێنان ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٠٦ و لە عێراقیش بەپێی یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی، پاکێجێکی فراوان لە لێخۆشبوون بەخشرایە کەرتی تایبەت، بەڵام کاتێک ئەم ئیمتیازە لە ژێر چەتری شەفافیەت و چاودێریی دەردەچێت، لە هاندەرێکی گەشەپێدانەوە دەگۆڕێت بۆ دەروازەیەکی یاسایی بۆ داپۆشینی قاچاخچێتی، بەهەدەردانی داهاتی گشتی .
چوارچێوەی یاسایی: ئیمتیازێکی کراوە بەبێ چاودێریی پێوانەکراو
بەپێی ماددەکانی یاسای وەبەرهێنانی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٠٦ لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی وەبەرهێنان لە کۆمەڵێک بەخشینی گەورە سوودمەند دەبێت:
- لێخۆشبوونی تەواو لە باج و رسوومات: بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە بەرواری دەستپێکردنی خزمەتگوزاری یان بەرهەمهێنانی کرداری.
- لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئامێر و کەلوپەل: هاوردەکردنی ئامێر، مەکینە و پێداویستیی پڕۆژەکە بەبێ گومرگ و باج.
- لێخۆشبوونی کەرەستەی خاو: بەخشینی کەرەستەی خاوی هاوردەکراوی تایبەت بە بەرهەمهێنان لە باجی گومرگی بۆ ماوەی ٥ ساڵ، هاوکات لەگەڵ ئاسانکاری بۆ پارچەی یەدەگ و نۆژەنکردنەوە.
لە روانگەی تیۆری ئابوورییەوە، ئەم هەنگاوە لە بنەڕەتدا گەندەڵی نییە؛ چونکە حكومەت بەشێک لە باج دەبەخشێت بۆ ئەوەی داهاتی نەتەوەیی بەرفراوان بێت، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە لەوەدا سەرهەڵدەدات لێخۆشبوونەکەن باج بۆ مەبەستی گەندەڵی و خۆ دزینەوە لە باج بەکاردەهێنرێت .
سێ کاری ساختەی سەرەکی بۆ بەکارهێنانی لێخۆشبوون لە کاری قاچاخدا
لە واقیعی بازاڕی عێراق و هەرێمدا، چەندین میکانیزمی فێڵکردن داهێنراون کە لێخۆشبوون دەکەنە ئامرازی قاچاخچێتی:
یەکەم : فێڵی کارگە وەهمییەکان و قۆرخکاریی کەرەستەی خاو
بازرگانە دەستڕۆیشتووەکان لە رێگەی گەندەڵیی کارگێڕییەوە، مۆڵەتی دامەزراندنی کارگە لەسەر کاغەز وەردەگرن، لە کاتێکدا لەسەر زەوی تەنیا گەنجینەیەکی چۆڵە، بە ناوی “کەرەستەی خاوی بەرهەمهێنان” هەزاران تۆن شیش، ئاسن، ماددەی کیمیایی، پلاستیک، رۆن، گەنم و شەکر بە لێخۆشبوونی تەواوی گومرگی هاوردە دەکەن، بەڵام باری بارهەڵگرەکان ناچێتە نێو هیچ پرۆسەیەکی پیشەسازی، بەڵکو راستەوخۆ دەبرێنە بازاڕی ئازاد و بە نرخی گشتی دەفرۆشرێنەوە ئەمەش دەبێتە قازانجێکی سەروو ١٠٠٪ی بێ باج بۆ قاچاخچییەکان لەسەر حیسابی داهاتی گشتی.
دووەم : بازرگانیکردن بە نووسراو و لێخۆشبوونی گومرگی
یاسای وەبەرهێنان دەڵێت دەبێت ئامێر و کەلوپەل بە تەنیا بۆ پڕۆژەکە بەکاربهێنرێن و ئەگەر لە دەرەوە بەکاربهێنرێن دەبێت باج و غەرامەی دووهێندە بدرێت. بەڵام لە واقیعدا دیاردەی “فرۆشتنی مۆڵەت و نووسراوی لێخۆشبوون” باوە؛ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون یان گەشتیاری مۆڵەتی هاوردەکردنی ١٠ هەزار تۆن سیرامیک، بۆری، کێبڵ یان مۆبیلیاتی پێدەدرێت، کۆمپانیاکە ئەم مافە بە چەندین دەفتەر دۆلار بە بازرگانێکی بازاڕ دەفرۆشێتەوە تا کاڵای خۆی لەژێر ناوی پڕۆژەکەدا بەبێ پێدانی گومرگ لە مەرزەکان دەرباز بکات.
لێکەوتە ئابوورییە وێرانکەرەکان
ئەم شێوازە لە گەندەڵی تەنیا کورتهێنانی دارایی دروست ناکات، بەڵکو ژێرخانی ئابووری لە رەگەوە دەشێوێنێت:
- لاوازبوونی کێبڕکێی دادپەروەرانە و پەکخستنی پیشەسازیی راستەقینە: کاتێک پیشەسازێکی راستەقینە کارگە دادەمەزرێنێت و تێچووی باج، کارەبا و کرێی فەرمی دەدات، ناتوانێت کێبڕکێی ئەو بازرگانە ساختەکارە بکات کە کاڵای ئامادەکراوی بە ناوی کەرەستەی خاو و بێ گومرگ هێناوەتە بازاڕەوە؛ ئەمەش دەبێتە هۆی ئیفلاسبوونی کارگە ناوخۆییە دروستەکان.
- داڕمانی داهاتی نانەوتی: لە قۆناغێکدا کە ئابووریی عێراق و هەرێم پێویستی بە بەهێزکردنی داهاتی گومرگ و باجە بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ملیاران دۆلار دەچێتە گیرفانی تۆڕەکانی بەرژەوەندی.
- گەشەکردنی ئابووریی رەش و سپیکردنەوەی پارە: ئەو قازانجە خەیاڵییەی لە خۆدزینەوە لە باج و گومرگ دەست دەکەوێت، نایەتەوە نێو سووڕی فەرمیی بانکی، بەڵکو دەچێتە کڕینی دۆلاری بازاڕی رەش و زێڕ، کە ئەمەش پەستانی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر دراوی نیشتمانی.
نەخشەڕێگای چاکسازی؛ لە پێدانی ئیمتیازەوە بۆ پێوانەکردنی ئەنجام
بۆ ئەوەی لێخۆشبوونی گومرگی و باج لە گەندەڵییەوە بگەڕێتەوە بۆ ئامرازی گەشەپێدان، پیویستە سیستمەکە لە ریشەوە بگۆڕدرێت:
- دروستکردنی داتابەیسی نیشتمانیی یەکگرتوو : بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی دەستەی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج، دەستەی گومرگ و وەزارەتی بازرگانی. پێویستە هەر کاڵایەک لە خاڵی سنوورییەوە دێتە ژوورەوە، راستەوخۆ لە رێگەی کۆدی تایبەتەوە لە داتابەیسی پڕۆژەکەدا تومار بکرێت.
- شەفافییەت و بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو پڕۆژانەی بەخشینی گومرگی دەیانگرێتەوە: دامەزراندنی تۆمارێکی گشتی کە تێیدا ناوی پڕۆژە، قەبارەی سەرمایە، بڕی لێخۆشبوونی وەرگیراو و ژمارەی ئەو هەلی کارانەی ڕەخساندوویەتی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت تا چاودێریی مەدەنی و رۆژنامەوانی کارا بێت.
- تەواوکردنی بەدیجیتاڵکردنی گومرگەکان : جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتی ئەیسکۆدا لە سەرجەم دەروازەکان و نەهێشتنی مامەڵەی کاغەزی، بۆ بڕینی دەستی ساختەکاری لە تەعریفە و مانیفێستدا.
لە کۆتاییدا
لێخۆشبوونی باج و گومرگ مافێکی رەهای بازرگان نییە، بەڵکو گرێبەستێکی ئابوورییە لەگەڵ کۆمەڵگە؛ هەر کاتێک وەبەرهێنەر نەیتوانی لە بەرامبەر ئەم لێخۆشبوونەدا هەلی کار و بەرهەمی ناوخۆیی پێشکەش بکات، دەبێت لێخۆشبوونەکە هەڵبوەشێنرێتەوە تا خەزێنەی گشتی لە تاڵانیی بەردەوام بپارێزرێت.