
چیرۆکی کامیل ساجت، چیرۆکی سەربازێکی گوێلەمشتى بەعسە کە داڕێژەری پرۆسەى ئەنفالە و هەرخۆیشی پلانەکەى جێبەجێکردووە، سەرەڕای ئەوەی خۆی بە کەسێکی ئاینپەروەر لەقەڵەم داوە.
ساڵانێکی درێژ، فەریق روکن کامیل ساجت جەنابی، بە جلوبەرگە سەربازییە درەوشاوەکەیەوە، لە پێشەوەی هێزەکانی (الصاعقة)ـی سوپای بەعسەوە دەوەستا. لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا، کامیل تەنیا سەربازێک نەبوو کە گوێڕایەڵی فەرمان بێت، بەڵکو مێشکێکی داڕێژەرانەى هەبوو. رۆژێک لەسەر مێزەکەیەوە دانیشت و پڕۆژەیەکی سەربازیی گەورەی داڕشت، ناوی لێنا پرۆسەکانى (ئەنفال).
دواتر حوسێن رەشید تکریتی لە بەردەم دادگادا دانی پێدانا و گوتی: (کامیل ساجت توێژینەوەکەی ئامادە کرد و پێشکەشی کردین بۆ ئەوەی لە باکوور جێبەجێی بکەین، بەڵام کاتێک بوو بە فەرماندەی فەیلەقی یەک خۆی دوا خاڵی توێژینەوەکەى خستە بواری جێبەجێکردنەوە).
فەرماندەیی هێز و جبەخانە و تۆپ و فرۆکەکان لە دەستی ئەودا بوون، گوند لە دوای گوند خاپوور دەکران و زەویی کوردستانى کردبووە گۆڕەپانی مەرگ و بێسەروشوێنکردنی زیاتر لە ١٨٠ هەزار مرۆڤ بەژن و منداڵەوە. ئەو رۆژانە کامیل ساجت لە لوتکەی دەسەڵات و شکۆمەندیی رژێمدا بووک کە پرۆژەکەى سەریگرتووە، تەنانەت دوای راپەڕینیش وەک پارێزگاری سلێمانی دانرا تا شارەکە لە ژێر چنگی بەعسدا بهێڵیتەوە، بەڵام چارەنووس، کۆتاییەکی تاریکی بۆ دانابوو.
لە کۆتایی نەوەدەکاندا کامیل ساجت رووی لە توندڕەویی ئایینی کردبوو و رەخنەی لە دەسەڵاتی سەرۆک دەگرت، تۆمەتى هەڵگەڕاندنەوەى سەربازییان خستبووە پاڵ لە دواى کشانەوەى هێزەکانى عێراق لە کوەیت ، دەزگا ئەمنییەکان لە رێگەی کچەکەیەوە دەنگێکی تۆمارکراوی ئەویان دەستکەوت کە رەخنەی لە سەدام گرتبوو. رۆژى ٧ی شوباتى ١٩٩٩ دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ سەدام، قوسەى بانگی کرد و لە ژوورەکەى خۆیدا بەچەند فیشەکێک کوشتى، دواى دوو هەفتەش لە ئەبوغرێب تەرمەکەی وەرگیرایەوە و نە پرسەى بۆ دانرا و نە نوێژى مردووشیان لەسەر کرد. سەرەڕای ئەوەى میدیا عەرەبی و عێراقییەکان بە شەهید و خێزخواز و ئاینپەروەر ناوی دێنن، بەڵام پلانداڕێژەر و جێبەجێکاری پرۆسەى ئەنفالى کوردان بوو.