
لە فەرهەنگی سیاسیی واشنتندا، هاوپەیمانێتییەکان هەمیشەیی نین و سنووری بەڵێنە ئەخلاقییەکانیش تەنیا لەسەر مێزی گفتوگۆکان دەمێننەوە. پاشەکشەی ئەمریکا لە هاوبەشە ناوخۆییەکانی لە تەنگانەدا، نە هەڵەیەکی کاتییە و نە پەیوەستە بە میزاجی سەرۆکێکی دیاریکراوەوە؛ بەڵکوو پراکتیکی هاوکێشەی قازانج و زیانە و هیچ بەهایەک بۆ وەفاداری و پابەندبوونی ئەخلاقی و ئایدۆلۆژی ناهێڵێتەوە.
پەیوەندیی واشنتن لەگەڵ کورد سێ وێستگەی تاڵی پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیوە: لە ساڵی ١٩٧٥ و پاش ڕێککەوتننامەی جەزائیری نێوان شای ئێران و سەددام، ئەمریکا پشتی لە شۆڕشی ئەیلوول کرد و خەباتی کوردی کردە ئاردی ناودڕک؛ لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا بەرامبەر پەلامارە خوێناوییەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر خەڵکی کوردستان بێدەنگیی هەڵبژارد؛ لە ساڵی ٢٠١٩شدا بە کشانەوەی لە بەشێک لە سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستان، پشتی لە (هەسەدە) کرد کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەمریکا بوو لە تێکشکاندنی داعشدا.
لەسەر ئاستی جیهانیش چەندین نموونەی ترمان هەیە: پشتکردنە هێزە نەیارەکانی کەنداوی بەرازەکان لە کووبا (١٩٦١)؛ کشانەوەی ئەمریکا لە باشووری ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٥؛ پشتکردنە شای ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و ڕادەستکردنی ئەو وڵاتە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هەروەها لە ساڵی ٢٠١١شدا دەستبەرداری حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسر بوو. بەڵام یەکێک لە شۆکهێنەرترین ڕووداوەکان کشانەوەی بوو لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا و وڵاتەکەی ڕادەستی تاڵیبان کرد.
پاشەکشەی ئەمریکا لە هاوپەیمانە لۆکاڵییەکانی (ناوخۆییەکانی) لە چەند هۆکارێکی سەرەکیدا کۆدەبێتەوە:
١. هاوپەیمانی بۆ هاوبەشە ناوخۆییەکان مان و نەمانە، بەڵام بۆ واشنتن کاتییە و بە زیادبوونی تێچوو و مەترسییەکان دەستبەرداری دەبێت.
٢. هێزە نادەوڵەتییەکان هیچ پابەندییەکی دەستووری بۆ واشنتن دروست ناکەن.
٣. ماندووبوونی شەقامی نێوخۆ لە شەڕە بێکۆتاکان، دەسەڵاتی کۆنگرێس لە بڕینی بودجە، و بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن، پاڵنەری سەرەکیی کشانەوەن.
٤. واشنتن باکی بە لەدەستدانی متمانە نییە و بەرژەوەندیی نیشتمانی بەلاوە گرنگە.
دەبێت لەبیرمان نەچێت: لە جیهانی زلهێزەکاندا تەنیا هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندی بڕیاردەرە؛ وەفاداری و پابەندیی ئەخلاقی وەهمێکە، جگە لە قوربانییە بەجێماوەکان، کەس باوەڕی پێ ناکات.