زەیدی: هیچ چەکێک نابێت لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا بێت

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق بە فەرمی کۆتایی هاتووە.

زەیدی، لە وتارێکدا بە بۆنەی رۆژی سەروەری وتی، هاوکاریی نێوان هێز و وڵاتە دۆستەکان لە شەڕی دژی داعشدا بە سەرکەوتن کۆتایی هات و ئێستا عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە کە بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی دەگرێتە ئەستۆ.

جەختی کردەوە کە کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە مانای کۆتایی هاتنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکە کە سەروەریی عێراق، بەهێزیی دامەزراوەکان، ئامادەیی هێزەکان و یەکگرتوویی بڕیار ناونیشانی سەرەکییەتی.

بەپێی وتەکانی زەیدی، هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت و زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیا و تەکنیکە دیجیتاڵییەکان بۆ پشتگیریی ئاسایش و سەقامگیری دەبەستێت.

زەیدی لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی کردەوە: هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت نابێت هەبێت.