
هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا عێراق، لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتە بەرزترین ئاست لە دوای دەستپێکردنی شەڕی مانگی شوباتی رابردووەوە؛ ئەوەش بە پلەی یەکەم بەهۆی زیادبوونی هەناردەی سعوودیە و ئیمارات بووە.
بەپێی نوێترین داتاکانی کۆمپانیای “کێپلەر” بۆ شیکاریی داتاکانی وزە، قەبارەی هەناردەی نەوتی بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە لەم مانگەدا گەیشتووەتە 16.328 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
داتاکانی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکەن کە بووژانەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هۆکاری سەرەکیی ئەو هەڵکشانەیە، بە شێوەیەک پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا قەبارەی هاتوچۆی نەوت پێیدا گەیشتبێتە نزیکەی 9.719 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گواستنەوەی بەشێک لە هەناردەی سعوودیە لە بەندەری یەنبەعی سەر دەریای سوورەوە، دوای ئەو زیانانەی بەر هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوای ئەو وڵاتە کەوتبوو.
هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێش جەنگ
سەرەڕای بووژانەوەی هەناردەی وڵاتانی بەرهەمهێنەر (عێراق، سعوودیە، ئیمارات، عومان، قەتەر، کوێت و ئێران)، هێشتا قەبارەی هەناردەکردن بە بڕی 3.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمترە بەراورد بە مانگی شوبات، کە ئەو کات 19.513 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. کۆمپانیای کێپلەر روونی کردووەتەوە کە هەناردەی ئێستا کەمێک کەمترە لە 80%ی ئاستی پێش دەستپێکردنی ململانێکان.
سعوودیە هەناردەکەی زیاتر لە دوو هێندە بەرزکردووەتەوە
سعوودیە وەک گەورەترین هەناردەکاری ناوچەکە، لەم مانگەدا قەبارەی هەناردەی گەیاندووەتە نزیکەی 5.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە مانگی ئابدا تەنیا 2.446 ملیۆن بەرمیل بووە. هاوکات بارکردنی نەوت لە بەندەری “رەئس تەنورە” بە شێوەیەکی بەرچاو بازیداوە و لە 929 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە لە مانگی ئاب، بۆ نزیکەی 3.25 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
هاوکات داتاکانی کەشتیوانی دەریدەخەن کە تەنیا لە هەفتەی رابردوودا 19 کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاح بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، کە هەر یەکەیان توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی سعوودیەی هەبووە، جگە لەو کەشتییانەی بەبێ کارپێکردنی سیستەمی دیاریکردنی شوێن (AIS) هاتوچۆیان کردووە.
پێش دەستپێکردنی پێکدادانەکان لە 28ی شوباتدا، گەرووی هورمز رۆژانە پێشوازی لە نزیکەی 125 کەشتیی گەورەی بازرگانی و نەوتهەڵگر دەکرد، کە بە تەنیا نزیکەی 20%ی کۆی پێداویستیی رۆژانەی جیهانی بۆ نەوتی خاو و گازی سرووشتیی شل دابین دەکرد.